سەرۆکى هەرێمى کوردستان رایدەگەیەنێت؛ پێویستە عێراق بەپێى دەستور مامەڵە لەگەڵ
پێشمەرگە بکات، دەشڵێت: دەبێت پارتى و یەکێتى دەستى حیزب لەسەر پێشمەرگە هەڵگرن.
لەکاتى پێشکەشکردنى وتارێک لە رێورەسمی دەرچوونی
خولی 16ی ئەفسەران لە کۆلێژی سەربازیی قەڵاچوالان نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێم رایگەیاند: داوا دەکەین
بەپێى دەق و روحى ناو دەستور لەگەڵ بەغداد مامەڵە لەگەڵ یەکترى بکەین کە ئەوەش
دەبێتە هۆى بەهێزبونى عێراقى فیدڕاڵ و ئەو بەهێزیەش بۆ هەمو لایەکە، وەک چۆن
شکستەکانمان هاوبەشن.
نێچیرڤان بارزانى
وتیشى،" داوا لە فەرماندەى گشتى هێزە چەکدارەکانى عێراق و وەزیرى بەرگرى و
سەرۆکى ئەرکانى سوپاى عێراق دەکەم وەک لە دەستورى عێراقدا هاتوە، وەک بەشێک لە
سیستمى بەرگرى عێراق تەماشاى هێزى پێشمەرگە بکەن و پێداویستییەکانى بۆ دابین
بکەن."
باسى لەوەشکرد،
پێویستە پەلە بکرێت لە دروستکردنى هەردو لیواى هاوبەش، کە ئەوەش دەبێتە هۆى
دروستکردنى هەماهەنگى زیاتر و رێگریکردن
لە بەهێزبونەوەى داعش.
هەروەک ئاماژەى
بەوەشکرد، ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوبەشانەى ئەم دواییانەى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراق
کارێکى سەرکەوتوانە بو ئەوەش پێویستى بە بەردەوامى هەیە.
لەبارەى چاکسازییەکان
و یەکخستنەوەى هێزى پێشمەرگە، سەرۆکى هەرێم وتى،" تائێستا هەردو هێزى
پشتیوانى یەک و دو و 22 لیواى هێزەکانى 70 و هەشتا خراونەتە سەر هێزى پێشمەرگە،
بەڵام یەکخستن و رێکخستنەوەى پێشمەرگە پێویستى بەکارى خێرا هەیە و پێویستە پەلەى
لێبکرێت و دەبێت یەکبخرێتەوە".
جەختى لەوەشکردووە، دەبێت
پارتى و یەکێتى بە باوەڕ و بێ پەشمانى بڕیار بدەن کە دەستى حیزب لەسەر پێشمەرگە
هەڵبگرن و کۆتایى بە دەستێوەردانى حیزبى لەناو هێزى پیشمەرگە بهێنن، بەو شێوەیە
یەکخستن و رێکخسیتنى هێزى پێشمەرگە سەرکەوتو دەبێت بەپێچەوانەوە لەگەڵ دروستبونى
هەر ناکۆکییەک ئەوەى جێبەجێشکراوە هەڵدەوەشێتەوە.
237 جار خوێندراوەتەوە