ئەو زەوییانەی کارتن، تاپۆ دەکرێن

KNN : Kurdish News Network
06:21 - 21/05/2022
کوردستان
+
-

لە هەولێر تاپۆکردنى ئەو زەویانەى کارتن راگەیەنرا، یەکەیەکی تایبەتیش کراوەتەوە بۆ تاپۆکردنیان.

لە سنوری شارەوانیی قەزا و ناحیەکانی پارێزگای ھەولێر، ساڵانی ڕابردوو ژمارەیەکی بەرچاوی زەوی دابەش کراون و ھێشتا کارتن و نەکراونەتە سەنەد، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانیش دەڵێت، پڕۆسەی تاپۆکردنیان دەست پێ کردووە و یەکەیەکی تایبەت کراوەتەوە بۆ تاپۆکردنیان.

سەرتیپ خالید، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێر، راگەیاند: ''یەکەیەکی تایبەت ھەیە بۆ تاپۆکردنی ئەو زەوییانەی پێشتر دابەش کراون و ئەرکی ئەو یەکەیە تایبەت بە گۆڕینی کارت بۆ سەنەد و پڕۆسەی تاپۆکردنی زەوییە کارتەکان لەلایەن وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزارەوە سەرپەرشتی دەکرێت، پڕۆسەکە دەمێکە دەستیپێکردووە و ھەندێکیان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی.''

لەو لێدوانەیدا، سەرتیپ خالید بۆ ماڵپەڕى پارتى ئاماژەی بەوەکردووە: "ژمارەیەک کارت گۆڕدراون بۆ سەنەد و بەسەر خاوەنەکانیاندا دابەش کراون و حکومەت بەردەوام دەبێت لە پرۆسەی تاپۆکردنی زەویی کارت لە ھەموو سنوری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەکانی ھەولێر، واتە لە سنوری ھەر شارەوانییەک زەویی کارت ھەبێت کاری لەسەر دەکرێت بکرێتە سەنەد.''

1905 جار خوێندراوەتەوە