لە یەدەگى زێڕدا میسر پاشەکشێ بە عێراق دەکات

KNN : Kurdish News Network
12:15 - 04/05/2022
ئابوری

عێراق لە بونى یەدەگى زێڕدا پلەیەک دەچێتە دواوە، ئەوەش دواى ئەوەى میسر بەکڕینى چەندین تۆن زێڕ لە ریزبەندى ئەو وڵاتانەى خاوەنى یەدەگى زێڕن چەند پلەیەک هاتە پێشەوە، ئەنجومەنى جیهانى زێڕیش دەڵێت: عێراق بەشێک لە یەدەگى زێڕى بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارى ناوخۆى وڵاتەکەى بەکارهێناوە.


ڕۆژی چوارشەممە ئەنجومەنی جیهانى زێڕ ڕایگەیاند کە عێراق لە گەورەترین یەدەگی کانزایی بەهای جیهان پلەیەک دابەزیوە پاش ئەوەی بانکی میسر بڕێکی زۆر زێڕی کڕیوە بۆ ئەوەی پێش عێراق و چەند وڵاتێکى تر بکەوێت لە ڕیزبەندی جیهانی بۆ هەبونى یەدەگى زێر.

لە کۆى ئەو 100 وڵاتەى کە خاوەنى زۆرترین یەدەگى زێڕن لە جیهاندا، عێڕاق لە پلەى 39 بو، بەڵام دواى ئەوەى بانکى ناوەندى میسر هەستا بە کڕینى بڕى چل و چوار تەن لە زێڕ، توانى بڕى یەدەگى زێڕى بگەیەنیتە 125 تۆن، بەوەش توانى پێش بکەوێت بۆ پلەى سی و سێهەمین و بەم هۆیەشەوە عێڕاق پلەیەک پاشەکشەى کردو چووە پلەى 40ى ریزبەندییەکە

ئەنحومەنەکە ئەوەشى ڕاگەیاند کە لە تشرینى یەکەمى 2021وە عێراق هیچ گۆڕانکارییەکى نەکردووە لەو بڕە زێڕەى کە هەیەتى کە بڕەکەى  دەگاتە 96.4  تۆن، ئەوەش دەکاتە رێژەى لە سەدا (9.3) ى یەدەگى زێڕ لە جیهاندا.


لەسەر ئاستى وڵاتانى عەرەبیش، عێراق لە پلەى شەشەمدایە و لەدواى هەریەکە لە وڵاتانى سعودیە و لیبا و جەزائیر و لوبنان و میسرەوە دێت.

پێشتریش، ئەنجومەنى جیهانى زێڕ کە بارەگاکەى لە بەریتانیایە ئەوەشى ئاشکراکردوە کە عێراق بۆ بەڕێوەبردنى کاروبارى ناوخۆى وڵاتەکەى بەشێک لە یەدەگى زێڕەکەى بەکارهێناوە.

483 جار خوێندراوەتەوە