وەزارەتى دەرەوەى
ئەمەریکا راپۆرتى تایبەتى ساڵى 2021ـى لەبارەى مافەکانى مرۆڤ لە وڵاتانى جیهان بڵاوکردەوە
و بەپێى ئەو راپۆرتە و ئەوەى تایبەتە بە عێراق و هەرێمى کوردستان باس لە چەندین لایەن
کراوە کە دۆخى خراپى ئازادییەکان و بەڕێوەبردنى وڵات و ئازادییەکانى تێدا باسکراوە.
لەسەرەتاى راپۆرتەکەدا وەزارەتى
دەرەوەى ئەمەریکا، باس لە پرسى هەڵبژاردنەکانى عێراق کراوە و ئاماژە بە گۆڕینى رێڕەوى
شەفافیەتى هەڵبژاردنەکان دەکات لە عێراق و دەڵێت: دواى ئەوەى خۆپیشاندانەکانى 2019
بونە هەوێنێک بۆ ئەنجامدانى هەڵبژاردن و هەڵبژاردنەکەیش بە ئازادى و دادپەروەرانە
و لەژێر چاودێرى نێودەوڵەتیدا بەڕێوەچو، بەڵام گروپە میلیشیا سەربازییەکان لە پێش
هەڵبژاردنەکانەوە دەستیان بە بڵاوکردنەوەى
ترس و تۆقاندنەکان کردوە کە ئەمەش دەکرێت کاریگەرى لەسەر ئەنجامى هەڵبژاردنەکان هەبوبێت.
لەبارەى
خۆپیشاندانەکانى ئۆکتۆبەرى (2020)یش، راپۆرتەکە ئاماژەى بۆ ئەنجامدانى ژمارەیەکى زۆر
توندوتیژى بەرامبەر خۆپیشاندەران کردووە و ئاشکراى کردووە، تائێستا 54 خۆپیشاندەر
بێسەروشوێنن و هەوڵیش بۆ کوشتنى 86 چالاکوان دراوە و 35 چالاکوانیش کوژراون .
لە راپۆرتەکەى وەزارەتى
دەرەوەى ئەمەریکادا باس لە دۆخى هەرێمى کوردستان و ئازادییەکان کراوە، تێیدا ئەوە
خراوەتەڕو کە لەلایەن رێکخراوەکانى مافى
مرۆڤەوە چەندین راپۆرت دژى دەسەڵاتدارانى هەرێم دراوە تایبەت بە خراپى دۆخى ئازادییەکان و ئازادى رادەربڕین و باسیش لە دۆخى زیندانیانى
بادینان کراوە و وەزارەتى دەرەوەى ئەمەریکا دەڵێت: دەسەڵاتدارانى هەرێم رۆژنامەنوسان
و چالاکوانانیان دەستگیرکردوە و بۆ ماوەیەکى درێژیش بێ ئەوەى دادگایی بکرێن یاخود
هیچ تۆمەتێکیان هەبێت بۆماوەیەکى درێژ دەستگیرکراون.
ئاشکراشکراوە کە لەلایەن ئاسایش و هێزەکانى پێشمەرگەوە
چەندین کەس بێ تۆمەت و سەپاندنى هیچ تاوانێک دەستگیرکراون و بێ دادگاییکردن راگیراون.
لەبارەى هێزە
ئەمنییەکانى هەرێمى کوردستانیشەوە لە راپۆرتەکەدا تیشکخراوەتە سەر ئەوەى کە پارتى
و یەکێتى بە جیا دەزگا ئەمنییەکانیان بەڕێوەدەبەن و هێزەکانى پێشمەرگەیان جیا کردوەتەوە
و هەرێمى کوردستان خاوەنى هێزێکى نیشتیمانى نییە و بە جیا لەلایەن ئەو دو حیزبەوە
بەڕێوەدەبرێت.
هەر لەبارەى
خراپ بەڕێوەبردنى هێزە ئەمنییەکان و ئاسایشەوە لە عێراق و هەرێمى کوردستان وەزارەتى
دەرەوەى ئەمریکا دەڵێت کە چەندین راپۆرتى رێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى ئاماژەیان
بەوە کردوە کە بەهۆى خراپ بەڕێوەبردنى هێزە ئەمنییەکانەوە هێزەکانى پۆلیسى فیدراڵى
و حەشدى شەعبى و ئاسایشى هەرێم ئەشکەنجەى سزادراوان دەدەن و بەشێوەیەکى نامرۆڤانە
مامەڵەیان لەگەڵ دەکەن.
869 جار خوێندراوەتەوە