رۆژى پێنج شەمەى رابردو کۆمسیۆنى باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکانى عێراق, کۆتایى هاتنى پرۆسەى ژماردنەوەى دەستى
دەنگەکانى راگەیاند، بەپێى لێدوانى بەرپرسانى ئەو کۆمسیۆنەش راگەیاندنى ئەنجامى
کۆتایى هەڵبژاردن زۆرى نەماوە، ئەوەى ئێستا شەقامى عێراقى چاوەڕوانى دەکات
کاردانەوەى ئەولایەنە سیاسیانەى سەربە پێکهاتەى شیعەیە کە لەم هەڵبژاردنەدا شکستیان هێناوە و ژمارەى
کورسیەکانیان بەشێوەیەکى بەرچاو دابەزیوە خۆیان لەناو (چوارچێوەى هەماهەنگی) دا
رێکخستوە کە بریتین لە (هاوپەیمانى فەتح، دەوڵەتى یاسا،هاوپەیمانى هێزەکانى
دەوڵەتى نیشتیمانى، بزوتنەوەى عەتا، حزبى فەزیلە) تا ئێستا رون نیە ئەو هێزانە
ئەنجامەکە قبوڵ دەکەن یاخود رەتى دەکەنەوە، لەحاڵەتى رەتکردنەوەشیدا چ هەنگاوێک
دەگرنەبەر.
هاشم کیندى، چاودێرى سیاسی لەبارەى هەڵوێستى ئەو هێزانە لەبەرامبەر ئەنجامى
کۆتایى هەڵبژاردن دەڵێت، ئەنجامى هەڵبژاردن قبوڵ ناکەن، تاکو سەرجەم رێکارەکانى
ئەژمارکردنى دەستى دەنگەکان رێک نەکرێنەوە.
ئەو چاودێرە سیاسیە کە سەرۆکى سەنتەرى (هەدەف)ە بۆ لێکۆڵینەوەى ستراتیژى،
نمونەیەک بۆقسەکانى دەهێنێتەوە و دەڵێت، ژماردنەوەى دەستى (5%)ى دەنگەکان بووەتەهۆى
گۆڕانکارى لە ژمارەى کورسى بەدەستهاتوى لایەنەکان، ئەى ئەگەر لە (100%)ى دەنگەکان
بەدەست ئەژماربکرێنەوە چى روودەدات؟.
زۆرینەى ئەو هێزە سیاسییە شیعانەى کە لەم هەلبژاردنەدا شکستیان هێناوە، لەسەرجەم
کابینەکانى حکومەتى عێراقدا بەشدارییەکى کارایان هەبوە و رۆڵیان هەبوە لە دامەزراوە سیاسى و ئەمنى و ئابورییەکاندا،
پێدەچێت یەکێک لە هۆکارەکانى رەتکردنەوەى ئەنجامى هەڵبژاردنیش ترس بێت لە داهاتویان
و نەمانى ئەو رۆڵەیان.
ئیحسان شەممەرى توێژەرى سیاسى و سەرۆکى سەنتەرى بیرى سیاسى عێراق، هاوڕایە
لەگەڵ ئەو بۆچونەى کە ئەو هێزە سیاسیانە ئەنجامى هەڵبژاردن رەتدەکەنەوە، بەڵام بە
وتەى شەممەرى ئەوە کاتێک روودەدات کە ئەولایەنانە دڵنیابن لەوەى لە نەخشەى سیاسى
داهاتوى عێراق و کابینەى داهاتوى حکومەتدا پەراوێز دەخرێن.
دەشڵێت: هێزە ساسییەکانى ناو چوارچێوەى هەماهەنگى هەست بە مەترسى زیاتر
دەکەن، ئەگەر لە دەرەوەى پێکهاتەى حکومەتى داهاتوى عێراقدابن، لەکاتێکدا لە کابینەکەى
عادل عەبدولمەهدیدا رۆڵى گەورەیان هەبو، بەجۆرێک کۆنترۆڵى حکومەتیان کردبوو.
سیناریۆکانى دواى پەسەندکردنى ئەنجامى هەڵبژاردن
کاردانەوەى ئەو هێزە سیاسیانە هەرچیەک بێت لەچەند سیناریۆیەک تێناپەڕێت،
لەبارەى ئەو سیناریۆیانەى ئەگەرى رودانیان هەیە، هاشم کیندى پێیوایە لە دۆخێکى
هاوشێوەى ئەو دۆخەى کە هێزە شیعەکانى تێدایە هەموو سیناریۆکان ئەگەرى رودانیان
هەیە، بەڵام
بە بڕواى ئەو بەهێزترنیان پەنابردنە
بۆ دادگاى فیدراڵى، لەحاڵەتى شکستهێنانیشاندا پەنا بۆ ئەنجومەنى ئاسایشى
نێودەوڵەتى دەبەن، لەپێناوى جێبەجێ کردنى ئەو پلانەشدا شاندێکى چوارچێوەى
هەماهەنگى ئامادەکارى دەکەن بۆ ئەوەى بچنە بەردەم ئەنجومەنى ئاسایشى نێودەوڵەتى و
بەڵگەکانى ئەنجامدانى ساختەکارى لە هەڵبژاردندا بخەنەڕوو.
سیناریۆیەکى دیکە کە یەکێکە لە بژاردەکانى بەردەم هێزەکانى ناو چوارچێوەى
هەماهەنگى شیعەکان، رەتکردنەوەى ئەنجامى
هەڵبژاردن و بایکۆتکردنى پرۆسەى سیاسى عێراقە لە قۆناغى داهاتوودا.
ئەگەرێکى دیکە قبوڵکردنى ئەنجامى هەڵبژاردنەکەیە لەلایەن چوارچێوەى
هەماهەنگیەوە بەڵام بە مەرج سەبارەت، بەو مەرجانەش، ئیحسان شەممەرى وتى :" دەکرێت ئەو
هێزانە ئەنجامى هەڵبژاردن قبوڵ بکەن، ئەگەر بێتو لەنێو ماڵى شیعەدا رێککەوتن بکرێت
لەسەر ئەوەى چەند پۆستێکى وەزاریان پێبدرێت و بەشداریان پێبکرێت لە دیاریکردنى
سەرۆک وەزیرانى داهاتودا.
هاوپەیمانى فەتح دیارترین لایەنى ناو چوارچێوەى هەماهەنگیە کە بەباڵى سیاسى
هێزەکانى حەشدى شەعبى ناسراوە و زۆرینەى
هێزەکانى ناو ئەو هاوپەیمانیە گروپى
چەکدارى تایبەت بە خۆیان هەیە، بۆیە پێدەچێت چەک ببێتە کارتى گفتوگۆى نێوان هێزە
شیعەکان.
لەوباریەوە، ئیحسان شەممەرى دەڵێت، مانەوەى چەک لاى ئەوگروپانە دەکرێت ببێتەهۆى
رازى بونیان بە ئەنجامى هەڵبژاردن.
ئەوەش لەکاتێکدایە، هەفتەى رابردوو موقتەدا سەدر رێبەرى رەوتى سەدر
هەڵوەشاندنەوەی گروپە چەکدارە میلشیاییەکانى کردە مەرجى بەشداری کردنى ئەو
لایەنانە لە حکومەتى داهاتوى عێراقدا.
رەوتى سەدر دەڵێت چى؟
رەوتى سەدر بە دەستهێنانى (74)
کورسى براوەى هەڵبژاردنە ، هەر ئەو سەرکەوتنەش بوە هۆى ئەوەى ماڵى شیعە بەتەواوى
بەسەر دووبەرەدا دابەش بێت، بەڵام لێدوانەکانى
خودى موقتەدا سەدر و بەرپرسانى دیکە ئەو رەوتە ئاماژەن بۆ ئەوەى کە سەدرییەکان چوارچێوەى هەماهەنگى بە رکابەرى خۆیان نازانن.
عیسام حسێن، ئەندامى رەوتى سەدر رایگەیاند، هێزە شکستخواردوەکان ئەنجامەکە
قبوڵ دەکەن، بەڵام پاش ئەوەى کە دادگاى فیدراڵى ئەنجامەکە پەسەند دەکات، چونکە
تواناى ئەوەیان نیە ئەنجامى هەڵبژاردن تێک بدەن، ئەگەر بیر لە بەکارهێنانى هەڕەشە و
هێزیش بکەنەوە ئەوا لە رووى سیاسییەوە توشى شکستى زیاتر دەبن.
ئەو ئەندامەى رەوتى سەدر پێیوانیە شەڕى ئەو هێزانە لەسەر ئەنجامدانى
ساختەکارى بێت لە هەڵبژاردندا، بەڵکو دەیانەوێت هەرچۆنێک بێت بە بەهێزى لە گۆڕەپانى
سیاسى و حکومەت و پەرلەماندا بمێننەوە.
بژاردەیەکى دیکەى بەردەم هێزەکانى ناو چوارچێوەى هەماهەنگى بیرکردنەوەیە لە
داهێنانى مۆدێلێکى نوێى کارى سیاسى لە عێراقى دواى(2003)، ئەوەش پێکهێنانى بەرەى ئۆپۆزسیۆن و دروستکردنى کێشەیە بۆ حکومەتى داهاتوو، کە بەپێى وتەى
ئیحسان شەممەرى ئەوەش سیناریۆیەکە ئەگەرى روودانى هەیە.
ئامادەکردنى – نەبەز محەمەد
سەرچاوە – ماڵپەرى ئەلحورە
668 جار خوێندراوەتەوە