نرخى نەوت هاڕەى کرد

KNN : Kurdish News Network
10:27 - 26/11/2021
ئابوری

نرخى نەوت لە بازاڕکانى جیهاندا بەشێوەیەکى بەرچاو دابەزینى بەخۆیەوە بینى، تەنها ئەمڕۆ زیاتر لە هەشت دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک نرخەکەى لەدەستداوە. ئەوەش لە ماوەى (18) مانگى رابردودا وێنەى نەبووە.

بەیانى ئەمڕۆ هەینى، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە (80) دۆلار و (27) سەنت مامەڵەی پێوەکراوە، بەڵام لە ئێستادا بەشێوەیەکى بەرچاو نرخەکەى دابەزى و لەئێستادا نرخى هەر بەرمیلێک بە (72)دۆلار و (90) سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت.

هاوکات، بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمەریکی (تەکساس)، بەیانى ئەمڕۆ بە (76) دۆلار و (4) سەنت مامەڵەی پێوەکراوە، بەڵام لە ئیستادا بە (68) دۆلار و (17) سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت.

هۆکارى دابەزینى نرخى نەوت بەو خێراییە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، چەند رۆژێکە جۆرێکى نوێى کۆرنا لە ئەفەریقا بڵاو بۆتەوە، هاوکات بونى یەدەگێکى زۆر و خستنەڕوى نەوت بۆ بازاڕەکان زۆرە، ئەوە سەرەڕاى رێککەوتنى هەریەک لە ئەمەریکا و چین لەگەڵ چەند وڵاتێک بۆ دابەزینى نرخى نەوت.

ماوەى دو مانگە نرخى نەوت بەشێوەیەکى بەرز جێگیرە و ئەم نرخەى ئێستاش نزمترین نرخە بەراورد بە دوو مانگى رابردوو.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ساڵى رابردو لەمڕۆدا نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە (48) دۆلار و (78) سەنت مامەڵەی پێوەکرا و نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی ئەمەریکیش (تەکساس) بە (45) دۆلار و (92) سەنت فرۆشراوە.

1751 جار خوێندراوەتەوە