لە هەولێر هەڵمەتى دەستگیرکردنى خوێندکاران دەستى پێکردوە، مامۆستایانیش ناڕەزایى دەردەبڕن

KNN : Kurdish News Network
04:15 - 25/11/2021
کوردستان
+
-

بەهۆى بەشداریکردن لە خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان دەیان خوێندکارى زانکۆ و پەیمانگاکانى هەولێر دەستگیرکراون، ژمارەیەک مامۆستاى زانکۆ و پەیمانگاکانیش ئیدانەى سوکایەتى کردن بە خوێندکارەکانیان دەکەن و داواى لێپێچینەوە دەکەن.

 

دابان محەمەد، ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان رایگەیاند، خوێندکارێکی زۆر لە ھەولێر لەلایەن ھێزە ئەمنیەکانەوە ڕفێنراون.

 

بەرپرسیارێتى گیانى ئەو خوێندکارانەشى خستوەت ئەەستۆى بەرپرسانى حکومەت.

 

لاى خۆیەوە ئاشناعەبدوڵا، ئەندامى فراکسیۆنى گۆڕان لە پەرلەمانى کوردستان دەستگیرکردن و رفاندنى خوێندکارانى لە هەولێر پشتراستکردەوە و رایگەیاند، ژمارەیەکی زۆر خوێندکار لە هەولێر دەستگیرکراون.

 

داواشى کردوە، پێشێلکارى بەرامبەر خوێندکاران رابگیرێت.

 

هەڵمەتى دەستگیرکردنى خوێندکاران دواى ئەوە دێت کە لە چەند رۆژى رابردوودا خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان خۆپیشاندانى بەرفراوانیان دەستپێکرد بۆ گەڕانەوەى دەرماڵەکانیان کە ماوەى زیاتر لە حەوت ساڵە راگیراوە.

 

هەر سەبارەت بە پرسى دەستگیکردن و توندوتیژى بەرامبەر خوێندکارانى زانکۆ و پەیمانگاکان (28) مامۆستاى زانکۆ و پەیمانگاکانى هەرێمى کوردستان لە بەیاننامەیەکدا ئیدانەى ئەو پێشێلکاریانەیان کردوە کە بەرامبەر خوێندکاران کراون و رایانگەیاندوە، خوێندکاران لە دۆخێکى خراپى ئابوریدا دەژین، ئێمە رۆژانە لەناو پۆلەکانى خوێندندا هەست بە ترپە و لێدانەکانى دڵیان دەکەین و رۆژانە دەیانبینین، چونکە بەشێکى زۆرى خوێندکاران زانکۆ حکومییەکان منداڵى هەژار و کەمدەرامەتى خێزانە بەش مەینەتەکانى ئەم وڵاتەن.


داواشیان کردوە لێپێچینەوە لەو هێز ولایەنانە بکرێت کەسوکایەتیان بە خوێندکاران کردوە، پەرلەمانیش دانیشتنێکى نائاسایى بۆ بەدواداچونى کێشەکانى خوێندکاران ئەنجام بدات

743 جار خوێندراوەتەوە