پۆڵەندییەکان... لە پەنابەرى کوردستانەوە بۆخانەخوێى کۆچبەرانى کورد

KNN : Kurdish News Network
09:40 - 10/11/2021
ڕاپۆرت
+
-

جەنگى جیهانى دووەم لەچلەکانى سەدەى رابردوودا گورزى کاریگەرى لەپۆڵەندادا، ئەوەش بەوپێیەى هەرلەسەرەتاى جەنگەکەدا ئەو وڵاتەى ناوەراستى ئەوروپا کەوتە بەرداگیرکارى ئەڵمانیا ویەکێتى سۆڤیەت، ئەو جەنگەجگە لەزیانە ئابوریەکانى كە وئەو وێرانکاریانەى کە روبەڕوى پۆڵەندا کردەوە کە بە(48) ملیاردۆلاردەخەمڵێنرێت، بوە هۆى کوژرانى زياتر لەشەش ملیۆن هاوڵاتى ئەو وڵاتە.

پۆڵەندییەکان لەپەنابەرەوە بۆ خانەخۆى

ئەو جەنگە پۆڵەندییەکانى ئاوارەى وڵاتانى دیکەى ئەوروپاو چەند وڵاتێکى ئاسیا کرد، بەشێكیان لەساڵی 1942 بەرەو ئێران، کازاخستان، عێراق، فەڵەستین و میسر كۆچییانكرد، بەپێى گێرانەوەى (ئادەم وەرسزاوسکی) گەڕیدە ورۆژنامەنوسى پۆڵەندى،ئەو پۆڵەندییانەى ئاوارەى عێراق بوون شارى خانەقین بوو بەشوێنى داڵدەدانیان، گۆڕستانێکی تایبەت بە پۆڵەندییەکانیش لە نزیک ئەو شارە هەیە کە تەنها پێنج کیلۆمەترلەسەنتەرى خانەقینەوە دوورە و(438) گۆڕى تێدایە، لەوژمارەیەش (331) یان گۆڕى پۆڵەندییەکانن، (104) کەى دیکەش گۆڕى کەسانى هیندى وسێ گۆرەکەى دیکەش عەرەبن.

پۆڵەندییەکان لە ماوەى مانەوەیاندا لەخانەقین، کەلتورو فەرهەنگ  وهونەرى خۆیان پاراستوە، سروتە ئاینییەکانیان لەکڵیساکان ئەنجامداوە، لەگەل ئەوەشدا تێکەڵاوى دانیشتوانى ئەو قەزایە بوون، هەوڵیانداوە  کەلتورو هونەرى خۆیان بە خەڵکى ناوچەکە ئاشنا بکەن، بە جۆرێک کە خوێندنگەى هونەرى پۆڵەندیان لە خانەقین دامەزراندوە  

ئەوسەردەمەى کە پۆڵەندا گەورەترین وێرانەى پاش جەنگى جیهانى دووەم بوو، لە روى تواناى مرۆیى و ئابوریەوە داڕمابوو، ئەستێرەى بەختى کورد لە گەشانەوەدا بوو، چونکە لەهەمان سەردەمەدا لە خۆرهەڵاتى کوردستان بوو بەخاوەنى کۆمارى کوردستان بە سەرۆکایەتى قازى محەمەد، بەڵام پاش زیاترلە (70) ساڵ هاوکێشەکە تەواو ئاوەژوبوەتەوە.

(76) ساڵ بەسەر جەنگى جیهانى دووەمدا تێپەڕیوە، پۆڵەندییەکان ئەو جەنگیەکان کردوە بە بەشێک لە مێژوو، شکستەکەیان گۆڕى بۆ سەرکەوتن بە جۆرێک ئێستا وڵاتەکەیانخاوەنى هەشتەم گەورەترین ئابورییەکێتى ئەوروپایە، داهاتى ساڵانەى(642) ملیاردۆلارە، داهاتى ساڵانەى تاک (16) هەزار و (930) دۆلارە، ئابوریەکەى پشت بە پیشەسازى وبازرگانى و کشتوکاڵ دەبەستێت، بە جۆرێک پیشەسازىنیوەى داهاتى نەتەوەیى پێکدەهێنێت گرنگترین بوارەکانى پیشەسازیش لەو وڵاتە بریتین لە پیشەسازى دورستکردنى کەشتى وئۆتۆمبێل،یەکێکە لەو وڵاتانەى کە خاوەن خێراترین گەشەسەندنى ئابوریە.

لەکوردستانیش وێنەکە تەواو پێچەوانەى پۆڵەندایە، پیشەسازى نزیکە لەخاڵى سفر، کشتوکاڵ لەپاشەکشەدایە، ئەمە جگەلەوەى دابینکردنى خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان بوەتە قەیرانێکى بەردەوام، رۆژ لە دواى رۆژیش قەیرانى نوێ سەرهەڵدەدات.

دواى (79) ساڵ لە کۆچکردنى پۆڵەندییەکان بۆخانەقین، ئاراستەى رووداوەکان پێچەوانە بونەتەوە  هاوڵاتیان کوردستان دەیانەوێت هەرچۆنێک بێت بگەنە پۆڵەندا، بەڵام نایانەوێت پۆڵەندا بکەنە وێستگەى مانەوە ودەستپێکى ژیانێکى نوێ، بەڵکو وەک رێگایەک بۆگەیشتن بە شوێنێکى باشتر بەکارى دەهێنن.

 ئامادەکردنى – نەبەز محەمەد

بۆئامادەکردنى ئەم راپۆرتە سود لە راپۆرتێکى ماڵپەرى کەرکوک ناو وەرگیراوە
644 جار خوێندراوەتەوە