كەمكردنەوەی بەكارهێنانی خوێ زیانی هەیە؟

KNN : Kurdish News Network
09:42 - 05/11/2021
تەندروستی

خوێ بووە یەكێك لەو پێكهاتە سەرەكییانەی ڕۆژانە بەكاردەهێنرێت، هەرچەندە بەردەوام هۆشدار لە زۆر بەكارهێنانی دەدرێت، بەڵام لەئێستادا قسە لەسەر زیانەكانی كەم بەكارهێنانی دەكرێت.

 

 سۆدیۆم كە پێكهاتەی سەرەكی خوێیە، بە جەستە و پاراستنی ئاو و شلەمەنییەكانی زۆر گرنگە، ئەوەش سودی بۆ گواستنەوەی ئۆكسجین هەیە بۆ خانەكانی لەش.

 

پسپۆڕانی تەندروستی ئاماژە بەوە دەكەن، پێویستە هەر كەسێك رۆژانە لە شەش گرام زیاتر خوێ نەخوات، بەڵام لە زۆرینەی وڵاتانی جیهان هاوڵاتیان لەو ڕێژەیە زیاتر بەكاردەهێنن، بەنمونە لە بەریتانیا هەشت گرامە، لە ئەمریكا بەرزدەبێتەوە بۆ 8.5 گرام.

 

ئەو خوێیەی ڕۆژانە دەچێتە لەشی كەسێكەوە، بەشێكی بەهۆی ئەو خوێیەوەیە كە ڕاستەوخۆ دەكرێتە ئەو خواردنانەی ڕۆژانە ئامادە دەكرێت، بەڵام زۆرینەی لە پێكهاتی نان و سەمون و خواردنی ئامادەكراو و تامە دروستكراوەكاندایە.

 

لای هەمووان ئاشكرایە زۆر بەكارهێنانی خوێ دەبێتە هۆی بەرزبونەوەی فشاری خوێن، ئەوەش ئەگەری توشبوون بە جەڵتەی دڵ و مێشك و نەخۆشییەكانی دیكەی دڵ زیاد دەكات.

 

پسپۆڕەكان باسیان لەوەكردووە كەمكردنەوەی بەكارهێنانی خوێ بۆ سێ گرام لە ڕۆژێكدا سودی زۆر دەبێت، فشاری خوێن بەڕێژەیەكی بەرچاو دادەبەزێنێت، بەوەش ئەگەری توشبوون بە نەخۆشییەكانی دڵ و جەڵتە كەمدەبێتەوە.

 

توێژینەوەكان ئاماژە بەوە دەكەن، ڕاستە كەمكردنەوەی خوێ زیانی هەیە و بەتایبەت بۆ پاراستنی شلەمەنییەكانی جەستە و چونی ئۆكسجین بۆ خانەكان، بەڵام ئەوە لە كاتێكدا ڕوودەدات كە مرۆڤ لە هیچ سەرچاوەیەكی دیكەی خۆراكییەوە خوێ وەرنەگرێت.

 

ئەمە لەكاتێكدا نان و سەمون و بەشێكی زۆری خواردنە ئامادەكراوەكان بڕی پێویست خوێیان تێدایە، لەگەڵ ئەو بڕەشدا كە دەكرێتە چێشتەوە زۆر دەبن و زیانیان دەبێت، بۆیە باشتر بڕی خوێ لە یەكێك لە سەرچاوەكانەوە كەمبكرێتەوە بەوەش لەش بڕی پێویستی خۆی وەردەگرێت و مەترسی توشبوون بە بەرزبونەوەی فشاری خوێنیش كەمدەبێتەوە.

 

پسپۆڕانی تەندروستی ئاشكرایان كردووە، لە حەفتاكانی سەدەی ڕابردوودا لە فیلەندا بەشێوەیەكی گشتی هاوڵاتیان ڕۆژانە 12 گرام خوێیان بەركاهێناوە، بەڵام لە ساڵی 2002 ڕێژەكە بۆ نۆ گرام كەمكراوەتەوە، لەو كاتەشەوە مردن بە هۆكاری جەڵتەی مێشك و دڵ بەڕێژەی 75% بۆ 80% كەمیكردووە

1713 جار خوێندراوەتەوە