پەرلەمانتارێک هۆشداری دەدات؛ نرخی یەک لیتر بەنزین دەبێتە (1300) دینار

KNN : Kurdish News Network
12:30 - 13/10/2021
کوردستان

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەگەر حکومەتی هەرێم رێکاری پێویست نەگرێتەبەر لە دوو هەفتەی داهاتودا نرخی بەنزین و غازی ماڵان زۆر زیاتر لە ئێستا بەرز دەبێتەوە.

 

 
عەلی حەمەساڵح سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانەسروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، پرۆژەیەکی پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران کردووە بۆ کەمکردنەوەی نرخی بەنزین، ئەگەر حکومەت کار بە پرۆژەکە نەکات و رێکاری پێویستە نەگرێتەبەر لە دوو هەفتەی داهاتودا نرخی یەک لیتر بەنزین بەرزدەبێتەوە بۆ هەزار و (300) دینار.

 

وتیشی، (70%)ی بەنزین لە وڵاتی ئێرانەوە دێتە هەرێمی کوردستان، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی دۆخی تایبەتی ئەو وڵاتەوە بەنزین و نەوتی سپی رادەگیرێت، ئەوەشی دێت کۆمەڵێک ماددەی مەترسیدارن لە کۆمەڵێک پاڵاوگەی بێمۆڵەت تێکەڵ دەکرێن کوالێتییەکەی بۆ تەندروستی مرۆڤ و ئۆتۆمبێل زۆر خراپە.

 

باسی لەوەشکرد، سەرەڕای ئەوەی ئێستا نرخی یەک بەرمیل نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا بە زیاتر لە (80) دۆلار دەفرۆشرێت، بەڵام تەنیا (30) دۆلار بۆ حکومەتی هەرێم دەمێنێتەوە.

 

سەبارەت بە بەرزبونەوەی نرخی نەوتی سپی ماڵان، سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان رایگەیاند، ناکرێت حکومەتی هەرێم بۆ دابینکردنی نەوتی سپی ماڵان تەنیا پشت بە حکومەتی فیدراڵ ببەستێت و چاوەڕێی ناردنی بڕێک نەوت بکات.


4211 جار خوێندراوەتەوە