چامپیۆنس لیگ؛ پاریس سان جێرمان یاریی لوتكەی لە مانچستەر سیتی بردەوە

KNN : Kurdish News Network
12:58 - 29/09/2021
وەرزش
+
-

یانەی پاریس سان جێرمان یەكەم سەركەوتنی لەچامپیۆنس لیگی ئەم وەرزە تۆمار كردو شكستی دووچاری مانچستەر سیتی كرد، لیۆنێل میسیش كەوتە ئیش‌ و یەكەم گۆڵی بە درێسی یانە فەرەنسیەكەوە تۆمار كرد، بەڵام ئیدریسا گانا خەڵاتی باشترین یاریزانی یارییەكەی پێ درا.

یاریگای پارك دو پرانس گەورەترین یاریی گەڕی دووەمی قۆناغی كۆمەڵەكانی لە خۆگرت كاتێك پاریس سان جێرمان میوانداری مانچستەر سیتی كرد.

یەكەم هێرشی یارییەكە لە بەرژەوەندی پاریس بوو كاتێك لەخولەكی 8 ئیدریسان گانا بەربەستی یەكسانبوونی شكاند‌و گۆڵێكی بۆ تۆماركرد.

لەخولەكی 26 یانەی مانچستەر سیتی لە هێرشێكی رێكخراودا بووە مەترسی بۆ سەر گۆڵی دۆنارۆمای گۆڵچی، بەلام دوو جار شیشی گۆڵەكە رێگربو لەتۆماركردنی گۆڵ‌و بەخت یاوەری پاریسیەكان بوو.

هەرچەندە مانچستەر سیتی لەدەرەوەی یاریگای خۆی یاری دەكرد، بەڵام فشارەكانی بۆ سەر گۆڵی پی ئێس جی زیاتر بوو، خولەكی 31 جاك گریلیش‌و كانسیلۆ هاوكاریی یەكتریان كرد بۆ ئەوەی تۆرشی گۆڵی ركابەرەكەیان بهەژێنن، بەڵام دۆنارۆما بەنەخێر وەڵامی دانەوە‌و لێدانە بەهێزەكەی كانیسلۆی بەئاسانی كۆنترۆڵ كرد.

پاریس سان جێرمان بەبێ دەنگی سەیری یارییەكەی نەدەكرد، كیلیان مباپێ لە خولەكی 38 بەناو بەرگریكارانی مانچستەر تێپەڕی‌و تۆپێكی جوانی خستە بەرقاچی ئەندێر هێرێرا، ئەگەر لێهاتوویی ئیدیرسۆنی گۆڵچی نەبوایە، پاریس دەبووە خاوەنی گۆڵی دووەم.

مانچستەر سیتی بەشێوێن چارەسەردا دەگەڕا، ئەمجارەیان لەرێگەی كۆرناڵێكەوە بەختی خۆی تاقیكردەوە‌و رۆبن دیازی باشترین یاریزانی وەرزی رابردووی پرێمەرلیگ لێدانێكی سەری ئاراستەی گۆڵ كرد، بەڵام دۆنارۆما وەك دیوارێكی پۆڵاین لەبەرامبەر هێرشەكەدا وەستایەوە.

لەتایمی دووەمدا مانچستەر سیتی بەردەوامبو لەشێوازە تایبەتیەكەی خۆی‌و لەخولەكی 54 كیڤن دی برۆن سودی لەپاسێكی ریاز موحریز وەرگرت ‌و رووبەڕوی دۆنارۆما بوەوە، بەڵام جارێكیتر گۆڵچییەكە ئیتاڵیەكە سەركەوتوو بوو لە پاراستنی گۆڵەكەی.

خولەكی 74 ئەو ساتە بوو كە هاندەرانی میسی‌و پاریس چاوەڕێیان دەكرد، كاتێك ئەو یاریزانە لەگەڵ مباپێ گۆڕینەوەیەكی بێوێنەیان كرد‌و سەرەنجام میسی گۆڵی دووەمی پاریس سان جێرمانی تۆمار كرد كە یەكەم گۆڵی بوو لەو كاتەوەی روویكردۆتە فەرەنسا.

لەدواساتی یارییەكەدا مانچستەر هیچ چارەسەرێكی نەما تۆپە جێگرینەكان نەبێت، ریاز موحریز جێبەجێ  كرد، بەڵام دۆنارۆما نەیدەهێشت تۆپەكە نزیكی گۆڵەكەی بكەوێت‌و ئەو لێدانە بەهێزەشی دوورخستەوە.

یارییەكەش بەسەركەوتنی پاریس سان جێرمان بە دوو گۆڵ بەرامبەر بەگۆڵێك كۆتاییهات، بەوەش ئەو یانەیە خاڵەكانی بۆ چوار خاڵ بەرز كردەوە ‌و چووە پێشەنگی ریزبەندی، مانچستەر سیتیش بە یەك خاڵەوە لەپلەی سێیەمدایە.

360 جار خوێندراوەتەوە