كۆئەندامی بەرگری لەشی مرۆڤ یەكێكە لە سیستمە
ئاڵۆزەكان كە كۆمەڵێكی زۆر ئەركی هەیە، ئەو ئەركانەش بۆ ئامادەكردنی لەشە بۆ ڕوبەڕوبونەوەی
هۆكارەكانی توشبوون بە نەخۆشییە جیاوازەكان، واتە هەر كێشەیەكی ڕووبدات، ئەو بەشێوەیەكی
ئۆتۆماتیكی هەوڵی ڕوبەڕوبونەوەی دەدات.
ڕەنگە هیچ كاتێك هێندەی ئێستا لەش پێوستی بە بەرگرییەكی
بەهێز نەبێت، ئەوەش بۆ ڕوبەڕوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كە جیهانی بەخۆیەوە سەرقاڵكردووە
و بۆتە هەڕەشە بۆ مرۆڤایەتی بەتایبەت بۆ ئەوانەی بەرگری لەشیان لاوازە.
بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی (eatthis) ئەمریكی، چەند ئامۆژگارییەك هەیە كە پێویستە
پەیڕەوكردنیان بكرێتە ڕۆتینێكی ڕۆژانە، بۆ ئەوەی لەش بەرگرییەكی بەهێزی هەبێت بۆ ڕوبەڕوبونەوەی
نەخۆشییەكان ئەوانیش بریتین لە:
1- خەوی باش: زۆرینەی پسپۆڕانی تەندروستی جەخت دەكەنەوە لەسەر ئەوەی،
ماوەی خەوتن لە نێوان حەوت بۆ نۆ كاتژمێردا بێت، چونكە چەندین توێژینەوە هۆكاری چەند
نەخۆشییەكیان بەستووەتەوە بە ناڕێكی لە خەوتندا، لەوانە نەخۆشییەكانی شێرپەنجە و دڵ
و خەڵەفان.
2- ئەنجامدانی وەرزش: دكتۆر ئەنتۆنی فاوشی گەورە پسپۆڕی نەخۆشییە
گوازراوەكان لە ئەمریكا ئاماژە بەوە دەكات، هیچ یەكێك لەتەواوكەرە خۆراكییەكان كە
بەمەبەستی بەهێزكردنی بەرگری لەش دەخورێن، بێ ئەنجامدانی وەرزش سودێكی ئەوتۆیان نییە
و كاریگەریی پێویستیان نابێت.
پەیمانگا پزیشكییە ئەمریكییەكان جەخت دەكەنەوە
لەسەر گرنگی وەرزش بۆ بەرگری لەش، كە خۆی لە پاكردنەوەی سییەكان و ڕێڕەوەكانی هەوا
لە یەكتریا دەبینێتەوە، لەگەڵ ناردنی دژە تەن و خڕۆكە سپییەكان بۆ ناو خوێن، هەروەها
كەمكردنەوەی دەردانی هۆرمۆنەكانی دڵەڕاوكێ.
3- ڕوبەڕوبونەوەی دڵەڕاوكێ: نائارامی بەردەوام و بەردەوام و درێژخایەن دەبێتە
هۆی بەرهەمهێنانی بڕێی زیاتری كۆرتیزۆل، ئەوەش ئەو هۆرمۆنەیە كە كاریگەری خراپی لەسەر
جەستە دەبێت، لەنێوانیاندا لاوازكردنی بەرگری، بۆیە بەپێی زانیارییەكانی كۆمەڵەی شێرپەنجەی
ئەمریكی ئەوانەی دڵەڕاوكێی درێژخایەنیان هەیە، ئەگەری توشبونیان بە پەتای وەرزی و
هەوكردنی ڤایرۆسی زیاترە.
4- خواردنی تەواوكەری ڤیتامین دی: زۆرێك لە پسپۆڕانی تەندروستی لەنێوانیاندا
دكتۆر فاوشی جەخت دەكەنەوە لەسەر گرنگی خواردنی تەواوكەری ڤیتامین دی بۆ بەهێزكردنی
بەرگری لەش، چونكە ئەوانەی ئەو ڤیتامینەیان كەمە ئەگەری توشبوونیان بە نەخۆشییەكان
زیاترە.
5- سیستمێكی خۆراكی تەندروست: یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی بەهێزبونی
بەرگری لەش، سیستمێكی تەندروستە لەڕووی خۆراكییەوە، بەنمونە ئەو خۆراكانەی دەوڵەمەندن
بە ڤیتامین سی وەك مەزرەمەنییەكان، توو، كیوی، بروكلی، سپیناخ، هەروەها ڤیتامین ئی
كە لە ناوكەكان و گوێز و بادەمدا هەیە، ئەوانە دژە ئۆكسیدی پێویست دەدەن بە لەش و
بەرگری لەهێز دەكەن.
بەپێی ڕاپۆرتێكی گۆڤاری (top
sante) فەرەنسی باشترە هەمیشە پشت بە خواردنە
فرێشەكان ببەسترێت، هەروەها دووركەوتنەوە لە خواردنی چەور و قورس و ئەوانەی بەهای
خۆراكی كەمیان تێدایە، هۆكارن بۆ بەهێزكردنی بەرگری لەش.
5466 جار خوێندراوەتەوە