ئەو خواردنانەى لە کەمخوێنى دەتانپارێزێت

KNN : Kurdish News Network
09:08 - 21/08/2021
تەندروستی
+
-

بەپێی ڕاپۆرتەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی، لەجیهاندا زیاتر لە ملیارێك و 600 ملیۆن كەس گرفتی كەمخوێنیان هەیە بە سەرجەم جۆرەكانییەوە، بۆیە دەتوانرێت بوترێت كەمخوێنی (ئەنیمیا) یەكێكە لە كێشە تەندروستییە بڵاوەكانی جیهان.

ڕاپۆرتەكان ئاشكرایان كردووە زۆرینەی ئەوانەی توشی كەمخوێنی دەبن منداڵانن، بەتایبەت پێش قۆناغی چونە قوتابخانە كە زیاتر نیشانەكانی ئەو حاڵەتەیان تێدا دەردەكەوێت.

لیندا جاد ئەلحەق كە پسپۆڕێكی خۆراكییە ئاماژە بەوەدەكات، یەكێك لەو هەڵانەی لەگەڵ نەخۆشانی ئەنیمیادا ئەنجام دەدرێت، مامەڵەكردنە لەگەڵیدا وەك ئەوەی یەك جۆرە نەخۆشییە، لەكاتێكدا چەند جۆرێكی هەیە.

ئەو پسپۆڕە باسی لەوەكردووە، خاڵی هاوبەشی نێوان جۆرەكانی ئەنیمیا لە نیشانەكانیدایە كە بریتین لە گۆڕانی ڕەنگی پێست، هەستكردن بە ماندوێتی لە زۆرینەی كاتەكاندا، كەمبونەوەی ورد بینی و زیادبونی لێدانەكانی دڵ.

زۆرینەی كات لەڕێی ئەو نیشانانەوە دەتوانرێت بزانرێت كەسێك كەمخوێنە، بەڵام دیاریكردنی جۆرەكەی ئەركی پزیشكی پسپۆڕە.

یەكێك لە هەڵە گەورەكانی كەسانی كەم خوێن ئەنجامی دەدەن، چارەسەركردنێتی لەڕێی پرۆگرامی خواردنەوە، بەڵام زۆرجار كەسەكە بەو كارە زیان بەخۆی دەگەیەنێت، بۆیە زۆر گرنگە سەردانی پزیشكی پسپۆڕ بكرێت و بەپێی جۆری كەمخوێنییەكە چارەسەر بۆ نەخۆشەكە دیاری بكرێت.

بەشێوەیەكی گشتی سێ جۆر كەمخوێنی هەیە، یەكێكیان بەهۆی خوێن بەربوون و لێڕۆشتنی خوێنەوەیە، جۆرێكی دیكەش بەهۆی كێشەیەكەوە لە بەرهەمهێنانی خڕۆكە سورەكان، لەگەڵ كەمخوێنی هیمۆلیتیك كە بەهۆی تێكشكانی خڕۆكە سورەكانەوە ڕوودەدات بەر لە تەواوكردنی تەمەنی خۆیان كە 120 ڕۆژە.

ئەوانەی توشی كەمخوێنی هیمۆلیتیك دەبن، پێویستە گرنگی بە خواردنی ئەو خۆراكانە بدەن كە دەوڵەمەندن لە ئاسن و ڤیتامینەكان، ئەو خواردنانەش سودیان بۆ كەسی تەندروست و نەخۆش هەیە.

دوو جۆرە سەرچاوەی ئاسن هەیە كە ڕووەكی و ئاژەڵین، بەڵام ئاژەڵییەكە سود و كاریگەری زیاترە، بۆیە زۆر گرنگە ئەوانەی كەمخوێنی هیمۆلیتیكیان هەیە، گرنگی بە خواردنی گۆشتی سور و جگەر بدەن، بەدواشیدا جۆرەكانی دیكەی گۆشت لەوانە؛ مریشك و جگەرى مریشک، چونكە ئەوانە بڕێكی زۆر ئاسن و ڤیتامینیان تێدایە.

لای خۆیەوە دكتۆر هانی جبران ڕاوێژكاری خۆراكی باسی لە چەند خۆراكێكی دیكە كردووە كە چارەسەری كەمخوێنی دەكات لەوانە، چەرەسات، سپیناخ، پرتەقاڵ هەروەها سەوزەكانی وەك بروكلی و قەرنابیت و جەرجیر.

ئەو پسپۆڕە دەڵێت: ئەوانەى ناتوانن سەرچاوە ئاژەڵییەكان بخۆن، بەتایبەت خانمانی دووگیان كە دەبێت لە سێ مانگی یەكەمدا دووربن لە خواردنی جگەر، باشترە گرنگی بەو سەرچاوە ڕووەكییانە بدەن.

منداڵانیش كە زۆرترینیان توشی ئەنیمیا دەبن، باشترە خێزانەكانیان گرنگی بە جۆری خۆراكەكانیان بدەن، چونكە گرفتەکە ئەگەر زوو چارەسەر نەكرێت لە داهاتوودا كاریگەرییە خراپەكانی دەردەكەوێت.

4612 جار خوێندراوەتەوە