قاچاخچییەکان هەر کۆچبەرێکى ئەفغانى بە (1000) دۆلار دەگەیەنن بە تورکیا
و بە (500) دۆلاریش دەگەیەنن بە ئێران، رۆژانەش نزیکەى (1000) ئەفغانى وڵاتەکەیان
جێدەهێڵن.
تۆڕى هەواڵى بى بى سى، لە چاوپێکەوتنێکدا
لەگەڵ قاچاخچییەکى ئەفغانى کە کۆچبەرە ئەفغانییەکان دەبات بۆ تورکیا، باسى
وردەکارى بردنى کۆچبەرەکان دەکات لە ئەفغانستانەوە بۆ تورکیا.
قاچاخچییەکە باسى
لەوە کردووە، لە نێوان قاچاخچییەکاندا بەرنامەى (imo) بۆ پەیوەندى کردن بەکار دەهێنن و خۆیان هیچ
کاتێک ناچن بۆسەر سنور، تەنها رێگەى کەسى خۆیان یان شوانەکانى سەر سنور
کاروبارەکانى خۆیان ئەنجام دەدەن.
ئاشکراشیکرد، ئەو دیوارەى لەسەر سنورى نێوان ئێران و تورکیا
دروستکراوە هیچ کێشەیەک بۆ ئەوان دروست ناکات، چونکە کۆچبەران بەکارهێنانى پەیژە
بەسەر دیوارەکەدا سەردەکەون یان لە رێگەى هەڵکۆڵین دیوارەکە تێدەپەڕێنن.
هەرچەندە لە چاوپێکەوتنەکەدا قاچاخچییەکە ناوى خۆى ئاشکرا نەکردووە، بەڵام رونیکردۆتەوە کە زۆربەى قاچاخچییەکانى رێرەوى ئەفغانستان بۆ تورکیا ئەفغانین و
ژمارەیەک قاچاخچى تورکیش هەن.
وتیشى: سەرەتا ئەو کۆچبەرانە لە ئەفغانستانەوە دەبەین بۆ پاکستان و
دواتریش بۆ شارى بەم لە ئێران و لەوێشەوە بۆ تارانى پایتەخت، ئەگەر ویستیان بچن بۆ
تورکیا لە تارانەوە دەیانگوێزینەوە بۆ شارى ئورمییە و لەوێشەوە بۆ شارى (خۆى) لە
نزیک سنورى تورکیا و لەوێشەوە بۆ شارەکانى بازید و وان لەناو خاکى تورکیا.
لەبارەى نرخى گواستنەوەى هەر کۆچبەرێک لە ئەفغانستانەوە تا تورکیا،
ئەو قاچاخچییە ئاماژەى بەوە کردووە، هەر کۆچبەرێک لە ئەفغانستانەوە تا ئێران بە
(500) دۆلار دەبەن و تا تورکیاش بە (1000) دۆلار.
ئەوەش لە
کاتێکدایە، کۆچکردنى ئەفغانییەکان بەتایبەت لە دواى کشانەوەى هێزەکانى ئەمەریکا و
ناتۆ بەشێوەیەکى بەرچاو زیادى کردووە، بەپێى هەندێ ئامارى نافەرمی رۆژانە (500 بۆ
1000) ئەفغانى کۆچدەکەن.
سەرۆکی ناوەندی
لێکۆڵینەوەی کۆچ لە تورکیاش دەڵێت: لە ئێستادا بەشێکی زۆر لە گەنجان و فەرمانبەرانی
وڵاتی ئەفغانستان لە ترسی سزادانیان لەلایەن تاڵیبانەوە بەدوای دۆزینەوەی رێگەیەکن
بۆئەوەی وڵاتەکەیان بەجێبهێڵن، ئەوەش شەپۆلێکی فراوانی کۆچکردنی لە ئەفغانستان لێکەوتووەتەوە.
929 جار خوێندراوەتەوە