پسپۆڕێکى ئابورى: ئەزمونى رابردوو سەلماندى سیاسەتى ئابورى حکومەتى هەرێم سەرکەوتوو نەبوە

KNN : Kurdish News Network
08:25 - 26/07/2021
ئابوری

پسپۆڕێکى ئابورى هۆکارەکانى شکستى سیاسەتى ئابورى حکومەتى هەرێم ئاشکرا دەکات و کاریگەرییەکانى بەردەوامبونى ناردنى بودجەش لەلایەن حکومەتى ناوەندیەوە دەخاتە ڕوو.

د. نەرمین مەعروف، پسپۆرى ئابورى مامۆستاى زانکۆ لەمیانى بەشداریکردنى لە بەرنامەى ستیۆدیۆ رادیۆى کەناڵى (KNN) رایگەیاند، سیاسەتى ئابورى حکومەتى هەرێم تەنها پشتى بەستوە بە فرۆشتنى نەوتى خاو و پشتى کردوەتە سەرچاوەکانى دیکەى داهات، ئەزمونى ساڵانى رابردوش سەلماندى ئەو سیاسەتە سەرکەتوو نەبوە، ئەوەش لەسەر ئەو بنەمایەى لە چەند ساڵى رابردوودا حکومەتى هەرێم توشى کورتهێنان بووە و ناچاربوە خەرجى وەبەرهێنان لابەرێت و خەرجى بەکاربردنیش کەمبکاتەوە.

سەبارەت بە رێککەوتنى نێوان هەرێمو بەغدا لەسەر پرسى بودجە، ئەو پسپۆرە ئابوریە رایگەیاند، ئەگەر ناردنى پارە لە بەغداوە بەردەوام بێت، بازاڕ سەقامگیردەبێت و جوڵەى بازاڕ بەرفراوان دەبێت، بوارى وەبەرهێنان و بەرهەمهێنان گەشە دەکات وهەلى کار دەڕەخسێت و دەبێتەهۆى دروست بونى کەشێکى ئارام لە رووى دەرونیەوە بۆهاوڵاتیان.

285 جار خوێندراوەتەوە