وەزارەتى ناوخۆى حکومەتى هەرێم، بۆ رێگریکردن لەبڵاوبونەوە و تەشەنەکردنى
کۆرۆنا چەند بڕیارێکى توندى دەرکرد.
بەپێى بڕیارەکانى وەزارەتى ناوخۆ، هەڵمەتى توند کردنى رێکارەکانى چاودێریکردنى
تەندروستى ئەنجام دەدرێت، ئەوەش بە بەهێزکردنى چاودێرى توند لە خاڵە سنورییەکان و
فڕۆکەخانەکان بۆ رێگریکردن لە هاتنە ناوەوەى جۆرە نوێکەى ڤایرۆسى کۆرۆنا.
وێڕاى جەختکردنەوە لە بڕیار و رێنماییەکانى پێشوتر ئەوەش هاتووە، پێویستە
فەرمانبەران ڤاکسینى کۆرۆنا وەربگرن و هەر فەرمانبەرێکیش کەمتەرخەمى بکات رێکارى
ئیدارى بەرامبەر دەگرن.
لەبارەى ئەنجامدانى نوێژى جەژن جەختکراوەتەوە لە جێبەجێکردنى رێنماییەکان و
بەکارهێنانى ماسک و دورى مەوداى دوو مەتر لە نێوان نوێژخوێنان، هەر مزگەوتێکیش
پابەند نەبێت دادەخرێت.
هەروەک، چونە سەرقەبرانى و دانانى پرسە لە هۆڵ و ماڵ و ژێر خێمە لە کۆڵان
قەدەغەیە و هەر کەسێک پابەند نەبێت بە دوو ملیۆن دینار سزا دەدرێت.
هاوکات، دوکان و مارکێت و چێشتخانەکان و رێستۆرانت و شوێنە بازرگانییەکان،
نابێت رێگە بدەن بە چونە ژورەوەى هاوڵاتیان بەبێ ماسک، بەپێچەوانەوە لە کاتى
پابەند نەبون شوێنەکە بۆ ماوەى (10) رۆژ دادەخرێت و بە بڕى یەک ملیۆن دیناریش سزا
دەدرێت.
سەبارەت بە بەستنى ماسک لەلایەن هاوڵاتیانەوە، لە بڕیارەکاندا جەختى
لێکراوەتەوە و هەر هاوڵاتییەکیش پابەند نەبێت بە بڕى (20) هەزار دینار سزا دەدرێت.

5111 جار خوێندراوەتەوە