وەزارەتی
دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، قەبارەی داهاتی گومرگ و دەروازە
سنوورییەکانی بۆ حەوت ساڵی ڕابردوو ئاشکرا کرد، کە لە ساڵی 2019 تا کۆتایی ساڵی 2025،
کۆی گشتیی بڕەکەی زیاتر لە نۆ ترلیۆن و 500 ملیار دینار بووە.
بەپێی داتا و
زانیارییەکانی پەرتووکی کار و چالاکییەکانی وەزارەتەکە، داهاتی گومرگ لەو حەوت
ساڵەدا بە وردی گەیشتووەتە نۆ ترلیۆن و 547 ملیار و 323 ملیۆن دینار. وەزارەتی
دارایی ئاماژە بەوە دەکات کە گۆڕانکاری و چاکسازییەکانی چەند ساڵی ڕابردوو لە
دەروازەکاندا، کاریگەریی بەرچاویان هەبووە لە زیادبوونی جووڵەی بازرگانی،
کەمبوونەوەی ڕۆتین و بەرجەستەکردنی شەفافیەت.
لە ئێستاشدا،
تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی بە هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی
فیدراڵی، سەرقاڵی جێبەجێکردنی سیستەمی "ئاسیکۆدا"ن لە دەروازەکانی
هەرێم، ئەمەش بەمەبەستی ڕێکخستن و یەکخستنی کاروباری گومرگی و ترانزێت لە
سەرتاسەری عێراق لە چوارچێوەی یەک سیستەمی یەکگرتوودا.
لە گرنگترین
ئەو چاکسازییانەی لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییەکانی گومرگ و خاڵە سنوورییەکان
جێبەجێ کراون بریتین لە؛ بەئەلیکترۆنیکردنی کاروباری دەروازە سنوورییەکان و
فڕۆکەخانەکان و بەستنەوەیان بە وەزارەتەوە، پێداچوونەوە بە ڕسوومات و پێناسەی
گومرگی بۆ بەشێک لە کاڵاکان بە هاوبەشی لەگەڵ بەغدا، هەروەها هەڵوەشاندنەوەی بەشێک
لەو لێخۆشبوونە گومرگییانەی پێشتر بەدەر لە یاسا و ڕێنماییەکان کرابوون.
هاوکات،
هەماهەنگی کراوە لەگەڵ وەزارەتەکانی بازرگانی، کشتوکاڵ و دەستەی وەبەرهێنان بۆ
پشتیوانیکردنی ئەو پڕۆژانەی لە چوارچێوەی یاسای وەبەرهێنان جێبەجێ دەکرێن. هەروەها
سیستەمی ترانزێت بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ وڵاتانی ئێران، تورکیا و سووریا
دانراوە، ڕێنماییەکانی هاوردەکردنی ئۆتۆمبێل هەموار کراونەتەوە، و
بەڕێوەبەرایەتییەکانی چاودێریی گومرگی لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک بە مەبەستی
ڕێگریکردن لە قاچاخچێتی و سەرپێچیی یاسایی کارا کراون.
85 جار خوێندراوەتەوە