ئەو کەسەى ساتى گیانلەدەستدانى جۆرج فلۆیدى تۆمارکرد گەورەترین خەڵات وەردەگرێت

KNN : Kurdish News Network
09:28 - 13/06/2021
جیهان

کچێکى تەمەن (18) ساڵى ئەمەریکى کە ساتى کوشتنى جۆرج فلۆیدى تۆمارکرد، یەکێک لە گرنگترین خەڵاتەکانى بوارى رۆژنامەوانى بردەوە.

بەپێى هەواڵێکى ئاژانسى هەواڵى رۆیتەرز، لیژنەى دەستنیشانکردنى خەڵاتى ساڵانەى پولیتزەرى رۆژنامەنوسى، خەڵاتى تایبەتى ئەمساڵ دەبەخشێتە دارنێلا فرەیزەرى تەمەن (18) ساڵ، ئەوەش بەهۆى بوێرى ئەو لە تۆمارکردنى ساتەوەختى توندوتیژى پۆلیسى ئەمەریکا لە دژى جۆرج فلۆیدى رەشپێشت کە بەو هۆیەوە گیانیلەدەستدا.

لیژنەکە رایگەیاندووە، بوێرى دارنێلا نمونەیەکە لە هاووڵاتى رۆژنامەوان، رۆڵێکى گەورەى هەبووە لە پیشاندانى تاوانەکە و بەدیهێنانى دادپەروەرى و گەیشتن بە راستییەکان.

بەهۆى بڵاوبونەوەى ئەو تۆمارەى دارنێلاوە تاوانەکە بەڕوى هەموو دونیادا ئاشکرابوو ئەوەش زۆرترین ناڕەزایەتى و خۆپیشاندانى لە ئەمەریکا و بەشێک لە وڵاتانى دونیاى لێکەوتەوە.

خەڵاتى پۆلیتزەر یەکێک لە گرینگترین خەڵاتەکانى بوارى رۆژنامەنوسییە لە ئەمەریکا و جیهاندا و ساڵانە دەدرێتە باشترین رۆژنامەنوسى جیهان.

لە (25)ى ئایارى ساڵى رابردودا، پۆلیسى ئەمەریکى بەشێوەیەکى توندوتیژانە جۆرج فلۆیدى کوشت لەو ساتەدا دارنێلا گرتەى ڤیدیۆى روداوەکە کردووە و توندوتیژییەکانى پۆلیسى ئەمەریکى پیشانى هەموو دونیادا.

2090 جار خوێندراوەتەوە