کۆمیتەى دیالۆگى ناوخۆیى: کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی شەڕی ناوخۆیی و دەرەکیدا

KNN : Kurdish News Network
02:51 - 10/06/2021
کوردستان
+
-

کۆمیتەى دیالۆگى ناوخۆیى رایدەگەیەنێت، گرژی و ئاڵۆزیی نێوان چەند هێزێکی کوردستانیی لە ئاستێکی مەترسیداردایە، داواش دەکەن سەرجەم پارت و رێکخراوە کوردستانیەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان و کەسایەتیە سیاسى و رۆشنبیرى و ئەکادیمیەکان، رۆڵی جدیان هەبێت بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە.

لە بانگەوازێکدا بە ناونیشانى (کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی شەڕی ناوخۆیی و دەرەکیدا)یە، کۆمیتەى دیالۆگى ناوخۆیى رایدەگەیەنێت، گرژی و ئاڵۆزیی نێوان چەند هێزێکی کوردستانیی لە ئاستێکی مەترسیداردایە و ئەم دۆخەش خەڵکی کوردستانی نیگەران کردووە و خستونیەتیە دۆخێکی نالەبار.

کۆمیتەکە هۆشدارى دەدات و دەڵێت: ئەم دۆخە بۆ نەیارانی کوردستان دەرفەتێکە کە هەمیشە خەونیان پێوە بینیوە و کاریان بۆ کردووە، تا لەو رێگایەوە زیاتر درێژە بە داگیرکارییەکانیان بدەن.

هاوکات داوا لە سەرجەم پارت و رێکخراو و کەسایەتیە سیاسى و رۆشنبیر و ئەکادیمیەکان دەکات رۆڵی ناوبژیوان و کاراکتەری ئارامکردنەوەی ئەم دۆخە ببینن.

بانگەواز لە کۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆییەوە

کوردستان لەبەردەم هەڕەشەی شەڕی ناوخۆیی و دەرەکیدا

گەلی ئازادیخوازی کوردستان

هەروەک ئاگادارن گرژی و ئاڵۆزیی نێوان چەند هێزێکی کوردستانیی لە ئاستێکی مەترسیداردایە. ئەم دۆخەش خەڵکی کوردستانی زۆر نیگەران کردووە. رووبەروو وەستانەوەی هێزە کوردستانییەکان بەرامبەر یەکتر و شەڕی میدیایی، خەڵکی کوردستانی خستۆتە دۆخێکی نالەباری ئەوتۆوە کە رۆژانی شەڕی نەگریسی ناوخۆیان بیردەخاتەوە.

بێگومان ئەم دۆخە بۆ نەیارانی کوردستان دەرفەتێکە کە هەمیشە خەونیان پێوە بینیوە و کاریان بۆ کردووە. هەتا لەو رێگایەوە زیاتر درێژە بە داگیرکارییەکانیان بدەن و ئەو دەسکەوتانەش کە بە خوێنی سەدان هەزار شەهید و رەنج و تێکۆشانی سەدان هەزار تێکۆشەر بەدەستهاتوون، لەناوببەن.

لە هەلومەرجێکی ئاوادا سەرباری ئەوەی کە شەڕێکی ناوخۆ لەم قۆناغەی دنیای پێدا تێپەڕئەبێ، شەرمەزارییەکی گەورە بۆسەر گەلی ئێمە دێنێت، لە هەمان کاتدا هیچ کام لە دۆستەکانمان بە دەنگمانەوە نایەن. مێژوو و نەوەی داھاتوو دەستپێشخەران  و بەرپرسانی شەری ناخۆیی نابەخشێت.

سەرەڕای هەموو مەترسییەکانیش، تا ئێستاش دەرفەتی گەورە لەبەردەم خەڵکی کوردستان و هێزە سیاسییەکانیدا هەیە کە دۆزی کوردستان بە ئاقارێکی سەرکەوتووانەدا ببەن و دەستکەوتی زیاتر بۆ خەڵکی کوردستان بەدەستبێت. با پێکەوە هەوڵبدەین لە جێی شەڕی ناوخۆ سوود لەدەرفەتەکان بۆ بەرژەوەندی گەلی کوردستان ببینین.

ئێمەوە وەک کۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆیی کە لە چەند دەزگا و کەسایەتی کوردستانیی هەر چوار بەشی کوردستان پێکهاتووە، هەر لەسەرەتای گرژییەکانەوە دەستمان بە هەوڵی ناوبژیوانی و خۆشکردنی زەمینەی دیالۆگ کرد. شاندی کۆمیتەکە سەردانی هەردوولایەنی ناکۆک و زۆربەی لایەنە کوردستانییەکان کرد. ئێمە لە کارەکانمان بەردەوام دەبین و  لە پێناو ئاشتی و ئارامیی لە کوردستان، هەر کارێک بە ئێمە بکرێت، ئامادەین.

داواش لە سەرجەم پارت و رێکخراوە کوردستانیەکانی هەموو پارچەکانی کوردستان دەکەین بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە رۆڵی جدی و ئەرێنی ببینن. هەروەها  داوا لە کەسایەتی سیاسی و رۆشنبیریی و ئەکادیمیی کوردستان دەکەین، کە بە هەڵوێستی جوامێرانەی خۆیان رۆڵی ناوبژیوان و کاراکتەری ئارامکردنەوەی ئەم دۆخە ببینن. داوا لەئەندام و  لایەنگرانی ئەو دوو هێزە و  خەڵکی کوردستانیش بە گشتی دەکەین، زیاتر دان بە خۆیاندا بگرن. هێرشی میدیایی و کەنالەکانی سۆشیالمیدیا لەبەرامبەر یەکتر راگرن و ئاگری ناکۆکیی زیاتر خۆش نەکەن. پێویستە هەموو کوردستانیان بە هەر شێوازێکی دیموکراسیی گونجاو، لەدژی فراوانکردنی گرژی و ناکۆکییەکان دەنگ هەڵبڕن.

کۆمیتەی دیالۆگی ناوخۆیی
10.06.2021

400 جار خوێندراوەتەوە