محەمەد حەلبوسی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رەزامەندی لەسەر داواکاریەکی
چالاکوانانی عێراق دەربڕی بۆ ئەنجامدانی دانیشتنێکی تایبەتی ئەنجومەنی نوێنەران بۆ
لێپریسنەوە لە فەرماندە ئەمنیەکان لەسەر دۆسیەی کوشتنی خۆپیشاندەران، لەو خۆپیشاندانانەی
کە لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی (2019) دەستی پێکرد و ماوەی چەند مانگێک بەردەوام بوو.
ئەنجامدانی دانیشتنێکی لەو شێوەیە داواکاری چالاکوانانی عێراق بووکە تێیدا
داوایان کرد بەئامادەبوونی کەسوکاری قوربانیەکان لێپرسینەوە لە فەرماندە ئەمنیەکان
بکرێت، بەڵام جوڵاندنی ئەم دۆسیەیە لەم کاتەدا؛ کۆمەڵێک پرسیاری لەسەر ئاستی شەقامی
عێراق وروژاندوە.
پرسیاری سەرەکی و جەوهەری ئەم دۆسیەیە، وادەی جوڵاندنی ئەم پرسە گرنگەیە لەم
وادەیەدا کە عێراق لەبەردەم ئەنجامدانی پرۆسەی هەڵبژاردندایە، بۆیە بەشێک لە سیاسیەکان
و چالاکوانەکانی خۆپیشاندانەکان پێیانوایە، ئەو هەنگاوەی ئەنجومەنی نوێنەران لە چوارچێوەی
هەڵمەتی پێشوەختەی بانگەشەی هەڵبژاردندایە، بەشێکی دیکەش پێیانوایە فشاری شەقام و
کاردانەوە نێودەوڵەتیەکان لەبەرامبەر کوشتنی خۆپیشاندەران هۆکاری سەرەکی ئەم هەنگاوەی
ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە.
مەحمود ئەحمەد، کە یەکێکە لە چالاکوانەکانی خۆپیشاندانەکانی عێراق بە سکای
نیوزی راگەیاندوە، لایەنە سیاسیەکان لە دوو ساڵی رابردوودا خۆیان بێ دەنگ کردبوو لەبەرامبەر
دۆسیەی کوشتنی خۆپیشاندەران، بەڵام لەگەڵ هاتنەوەی وەرزی هەڵبژاردن بیریان کەوتوەتەوە
کە لە خۆپیشاندانەکاندا زیاتر لە (600) کەس کوژراون و زیاتر لە (25) هەزارکەسی دیکەش برینداربون.
ئەو چالاکوانە؛ دڵنیایە لەوەی ئەو دۆسیە هەستیارە وەک بانگەشەی هەڵبژاردن بەکاردەهێنرێت،
ئەوەش بە تێڕوانین لەوەی کە پرۆسەی لێپرسینەوە پرۆسەیەکی ئاڵۆزە پێویستی بەکاتێکی
زۆر هەیە، بەڵام جەخت دەکاتەوە کە چالاکوانان دژی ئەو هەنگاوە ناوەستنەوە و پشتیوانی
لە هەر هەنگاوێکی لەو شێوەیە دەکەن، هەرچەندە هەنگاوێکی درەنگ وەختیشە، بەڵام گەشبینە
بەوەى ئەنجومەنی نوێنەران لەو پرسەدا هەنگاو بەرەو پێشەوەبنێت.
توانای ئەنجومەنی نوێنەران لەیەکلایی کردنەوەی ئەو دۆسیەیە، کاریگەری
ململانێ و ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکان، ئاستەنگێکی دیکەیە کە رووبەروی ئەو دۆسیەیە
دەبێتەوە بەتایبەت کە بەشێک لەو هێزە سیاسیانەی نوێنەریان لە ئەنجومەنی نوێنەران هەیە؛
پشتیوانی لەو گروپە چەکدارانە دەکەن کە لە دۆسیەی کوشتنی خۆپیشاندەراندا پەنجەی تۆمەتیان
بۆ رادەکێشرێت.
سائب خدر، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەوبارەیەوە
دەڵێت، ئەنجومەنی نوێنەران رەنگدانەوەی ژینگەی کۆمەڵگا و داواکارییەکانیەتی وە پێویستە
گوزارشت لە داواکارییەکانی کۆمەڵگە بکات، لەبەرئەوە پێویست دەکات کە تەواوی پەرلەمانتاران
پشتیوانی ئەو هەنگاوە بکەن بۆ ئەوەی بەرەو پێشچوون لەو دۆسیەیەدا بەدەست بێت.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران کە سەر بە کۆتای ئێزیدیە، گەشبینە بەوەی کە
ئەنجومەنی نوێنەران لە دۆسیەی لێپرسینەوە و بەدواداچون بۆ دۆسیەی کوشتن و بریندارکردنی
خۆپیشاندەران و رفاندنی چالاکوانان بەرەو پێشچوون بەدەست بهێنێت، لەوبارەیەوە دەڵێت:
هەر هەنگاوێک بەو ئاڕاستەیە ئەنجامی دەبێت ئەگەر بەڕێژەیەکی کەمیش بێت، بەڵام دەبێتە
هەنگاوی سەرەتای رێگایەکی دوور و درێژ و بەدوایدا هەنگاوی دیکە دێت، ئەوەش بەو پێیەی
هەڵگرتنی هەندێک هەنگاو سەرەتایەکی قورسی دەبێت، بەڵام دواتر ئاسایی دەبێتەوە.
لەحاڵەتی ئەنجامدانیدا؛ ئەو دانیشتنەی ئەنجومەنی نوێنەران کە تایبەت دەکرێت
بەپرسی کوشتن و بریندارکردنی خۆپیشاندەرانی عێراق؛ دانیشتنێکی پڕمشتومڕدەبێت، چونکە
لەلایەک هێزە ساسیەکان ئەو دۆسیەیە دەکەنە ئامڕازی بانگەشەی هەڵبژاردن و راکێشانی
سۆزی کەسوکاری قوربانیەکان، لەلایەکی تریش بەشێک لە هێزە سیاسیەکان بەرگریەکی سەخت
لەو هێزانە دەکەن کە وەک بکوژی خۆپیشاندەران ئاماژەیان بۆ دەکرێت، وەک ئەوەی لە دۆسیەی
دەستگیرکردنی قاسم موسڵیحی فەرماندەی حەشدی شەعبیدا روویدا.
641 جار خوێندراوەتەوە