ئیبراهیم رەئیسى کاندیدى بەهێزى سەرۆک کۆمارى ئێران: یەکسانی لە کۆمەڵگادا بەدیدێنم

KNN : Kurdish News Network
08:57 - 05/06/2021
جیهان

لەیەکەمین دیبەیتى کاندیدەکانى هەڵبژاردنى سەرۆکا کۆمارى ئێران کە هەموو کاندیدەکان بەشداریان تێداکرد، ئیبراهیم رەئیسى ئەکێک لە کاندیدە بەهێزەکان رایگەیاند: خەڵک خوازیاری گۆڕانن، بۆیە یەکسانى لە کۆمەڵگادا بەدیبێنم.

ئیبراهیم رەئیسى، کاندیدى دڵخوازى نەریتخوازەکانى ئێران کە یەکێکە لە کاندیدە بەهێزەکانى هەڵبژاردنى سەرۆک کۆمارى ئێران و بەپێى زۆربەى بۆچونەکان براوەى هەڵبژاردن دەبێت، لە یەکەمین دیبەیتدا لەگەڵ کە بۆ سەرجەم کاندیدەکان رێکخرابوو، بەرەنگاربونەوەى گەندەڵى و هێنانەدى یەکسانى بە کارى لەپێشینەى خۆى ناوبرد.

رەئیسى لە دیبەیتەکەدا رایگەیاند: دۆخی ئێستا خەڵکی نیگەران و نائۆمێد کردووە و خوازیاری گۆڕانن، بۆیە من هاتووم یەکسانى لە کۆمەڵگەدا بەدیبێنم.

وتیشى: لەمپەرەکانى بەردەم وەبەرهێنان لە وڵاتدا وایانکردووە بەرهەمهێنەران وزەى پێویستیان نەبێت لە بەشداریکردنیان لە ئابورى، بۆیە ئەمە بە کێشەیەکى گەورە دەبینم و دەبێت چارەسەر بکرێت.

باسى لەوەشکرد، لە رێگەى بەرەنگاربونەوەى قاچاخچێتى هەنگاوێکى گەورە دەنێین بە ئاراستەى راستکردنەوەى ئابورى و وەگەرخستنەوەى بەرهەمهێنان.

ئیبراهیم رەئیسى، کە لە تەمەنى (20) ساڵیەوە بوە بە سەرۆکى دەسەڵاتى دادوەرى لە کەرەج و لە ئێستادا تەمەنى (61) ساڵە و دڵخواز و کاندیدى نەریتخوازەکانى ئێرانە.

هەرچەندە ئیبراهیم رەئیسى یەکێک بوو لە کاندیدە بەهێزەکانى چوار ساڵ پێشتریش، بەڵام بە جیاوازى هەشت ملیۆن هەڵبژاردنەکەى بە حەسەن روحانى ریفۆرمخواز دۆڕاند، بەڵام ئەمجارە پێدەچێت رێگاکەى بەردەم رەئیسى ئاشانتر بێت و زۆربەى بۆچونەکانیش لەسەر ئەوە کۆکن کە سەرۆک کۆمارى داهاتوى ئێرانە.

رۆژى (18)ى ئەم مانگە هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى کۆمارى ئێران بەڕێوە دەچێت و تێیدا حەوت کاندید رکابەرى یەکترى دەکەن.

173 جار خوێندراوەتەوە