وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان ناوەرۆکى کۆبونەوەکەى سەرۆکى هەرێم رێکخەرى گشتى
بزوتنەوەى گۆڕان ئاشکرا دەکات، جەختیش دەکاتەوە کە بزوتنەوەى گۆڕان لەگەڵ
دەستورێکى مەدەنیدایە، ئەولەوتیشیان لابردنى لێبڕینى موچە و بەدەمەوەچونى
داخوازییەکانى خەڵکە.
دلێرعەبدولخالق وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە
کۆبونەوەکەدا چەند پرسێک گفتوگۆى لەبارەوە کراوە، یەکێک لەوانە پرسى یەک گوتارى
کوردە بۆ داهاتوى عێراق و چۆنیەتى پاراستنى دەسکەوتەکانى کورد لە بەغدا.
راشیگەیاند، پرسێکى دیکە کە گفتوگۆى لەبارەوەکرا پرسى نوسینەوە و تەواوکردنى
دەستورى هەرێمى کوردستانە، ئێمە لەگەڵ دەستورێکى پیشکەتوو مەدەنیدان، دەستورێک کە سیستەمى
پەرلەمانى و سەروەرى یاسا و شەفافیەت و پرەنسیپەکانى لامەرکەزى لە خۆیدا کۆبکاتەوە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان رایگەیاند، بەسەرۆکایەتى
هەرێممان راگەیاند کە لەگەڵ بەرفراوانکردنى ئازادییە گشتى و مەدەنییەکانین، پێویستە
ئازادییەکان زیاتر بپارێزرێت و مافى رۆژنامەنوس وچالاکوانان زیاتر بپارێزرێت.
وتەبێژى بزوتنەوەى گۆڕان جەختى کردەوە، ئێمە لەگەڵ ئەنجامدانى چاکسازى سیاسى
و بەدەمەوەچونى داخوازییەکانى خەڵکین، ئەولەویەتیش لاى ئێمە دابینکردنى موچە و
هەوڵدانە بۆ لابردنى لێبڕینى موچە و قۆرخکارى بازاڕ لەلایەن حزبە دەسەڵاتدارەکانەوە.
859 جار خوێندراوەتەوە