کۆڕۆناى هیندى چیە، نیشانەکانى چین

KNN : Kurdish News Network
10:46 - 28/04/2021
جیهان
+
-

كۆرۆنای هیندی كە بۆ یەكەم جار لە رۆژئاوای ئەو وڵاتە دەركەوت، لەڕووی زانستییەوە لە جۆری (B.1.617)، لە پرۆتینەكەیدا دوو گۆڕانكاری روویداوە، ئێستاش بووە بە هەڕەشە بۆ وڵاتانی جیهان.

مەترسییەكانی جۆرە هیندییەكەی كۆرۆنا لە خێرایی بڵاوبونەوەیدایە، كە (40) هێندە لە جۆرەكانی تر خێراتر بڵاودەبێتەوە، ئەمە جگە لەوەی چەند پسپۆڕێك باسیان لەوە كردووە، كوشندەیە و مەترسی لەسەر ژیانی هەموو تەمەنەكان دروست دەكات، چونكە دەتوانێت خۆی بگەیەنێتە هەموو خانەكانی لەش.

سۆرادیپتا چاندرا پزیشكی راوێژكاری لە ناوەندی هێلفیتیای پزیشكی لە دەلهی بە ماڵپەڕی تایمز ناو نیوزى راگەیاندووە: جۆرە نوێیەكە چەند نیشانەیەكی هەیە كە پێشتر هەستی پێنەكراوە و لە جۆرەكانی دیكەدا نەبووە.

دیارترین نیشانەكانی كۆرۆنای هیندی بریتین لە:
یەکەم_ سكچون
دووەم_ سك ئێشە
سێیەم_ دروستبونی پەڵە لەسەر پێست
چوارەم_ هەوكردنی سپێنەی چاو
پێنجەم_ ژاوەژاوی مێشك
شەشەم_نیشانەكانی دیكەی كۆرۆنای ئاسایی، وەك بەروبونەوەی پلەی گەرمی و ماندوێتی و كۆكە.

چاندرا ئاشكرای دەكات، لەگەڵ ئەو نیشانانەدا هەست بە گۆڕانی رەنگی پەنجەكانی دەست و قاچ دەكەین بەرەو شین، هەروەها خوێن بەربونی لوت و قوڕگ، ئەمە جگە لە ئازاری تەواوی جەستە و نەمانی هەستی بونكردن و تامكردن.

کاریگەرى ڤاکسینەکە لەسەر کۆرۆناى هیندى
لەبارەی كاریگەری ڤاكسینەكان لەسەر جۆرە نوێكەی كۆرۆنا، سۆمیترا داس بەڕێوبەری پەیمانگای نیشتمانی بۆ زانستی جینۆم لە هیندستان باس لەوە دەكات، هاوشێوەی ڤایرۆسی كۆرۆنای پێشتر ڤاكسینەكان كاریگەری لەسەر دروست دەكەن دەتوانن رێگربن لە تەشەنەكردن و كەمكردنەوەی مەترسییەكانی توشبوون.

ماوەی هەفتەیەكە ئامارەكانی كۆرۆنا لە هیندستان لە هەڵكشانێكی بەردەوامدایە و ژمارەی پێوانەی توشبوون بە سەرەتای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەكەوە لە رۆژێكدا لەو وڵاتە تۆماركراوە كە زیاتر لە (350) هەزار حاڵەت، پێشبینیش دەكرێت بڵاوبونەوەی جۆرە نوێكە هۆكاری ئەو هەڵكشانە بێت.

جگە لەو وڵاتە ڤایرۆسەكە لە (17) وڵاتی دیكە تۆماركراوە، چەندین وڵاتیش بۆ رێگری لە گەشتنی ئەو جۆرە نوێیە، گەشتەكانیان لەگەڵ هیندستان راگرتووە.

6081 جار خوێندراوەتەوە