سودەكانی خواردنی ماست لە ژەمی پارشێودا

KNN : Kurdish News Network
09:44 - 23/04/2021
تەندروستی

ماست یەكێكە لە گرنگترین جۆری شیرەمەنیەكان و بەشێكی زۆری هاوڵاتیان لە ژەمە خۆراكییەكانیاندا پشتی پێدەبەستن، پسپۆڕانی بواری خۆراكی ئاماژە بەوە دەكەن، ماست چەند پێكهاتەیەكی خۆراكی بەسودی تێدایە كە مرۆڤ لە چەندین نەخۆشی جیاواز دەپارێزێت.

ماست دەوڵەمەندە بە ڤیتامینەكانی ئەی و بی و سی، هەروەها بڕێكی زۆر لە كانزاكانی كالسیۆم و پۆتاسیۆم ‌و سۆدیۆم و بڕێكی زۆر لە پڕۆتین.

ئەو توێژینەوانەی لەسەر ئەو شیرەمەنییە ئەنجامدراوە دەریخستووە، خواردنی لە مانگی ڕەمەزاندا چەندین سود بە لەشی ڕۆژوەوان دەگەیەنێت، بە تایبەت ئەگەر لە ژەمی پارشێودا بخورێت.

ئەوانەی لەم ڕەمەزانەدا پارشێوان ماست دەخۆن، كێشەی بۆنی دەمیان نابێت، هەروەها لە هەڵئاوسان و ئازاری سك بەدوور دەبن و وزە‌ و توانایان بەراورد بەو كەسانەی خۆراكی دیكە دەخۆن زیاترە.

بەهۆی زۆری مادە سود بەخشەكانی پێكهاتەكەی ماستەوە، ڕۆژوەوان كەمتر هەست بە برسێتی و تینوێتی دەكات، ئەمە جگە لەوەی سودێكی زۆری بۆ باری دەرونیان هەیە و هەستی ئارامی دەبەخشێت.

ماست یەكێكە لەو خۆراكانەی كە بە زوویی هەرس دەكرێت و یارمەتی كرداری هەرس كردن دەدات، هەروەها بۆ ئەو كەسانە بەسودە كە بە شیر و پەنیر هەستیارییان هەیە، سەرەڕای ئەوەش دەتوانێت كۆئەندامی بەرگری لەش بەهێز بكات.

ئەو شیرەمەنییە سودی بۆ گورچیلەكان هەیە، چونكە میزكردن ئاسان دەكات و رێگرە لە دروستبونی بەرد و رەملی گورچیلە، هەروەها ئەگەری توشبوون بە نەخۆشی شێرپەنجەی كۆڵۆن كەمدەكاتەوە، چونكە جۆرە بەكتریایەكی تێدایە كە كۆڵۆن بە پاكی دەهێڵێتەوە.

وەك هەموو شیرەمەنیەكانی دیكە بڕێكی زۆر كالسیۆمی تێدایە كە ئێسك و ددان و پوك بەهێز دەكات، هەروەها بۆ ئەو كەسانە بەسودە كە تەمەنیان ڕوو لە هەڵكشانە، چونكە ئێسك پتەو دەكات.

ماست ڕێگرە لە كۆبونەوەی چەوری‌ و دروستبونی ورگ و بۆ دابەزاندنی كێشی لەش گرنگە، هەروەها ڕێژەی كولسترۆڵی خوێن كەمدەكاتەوە و فشاری خوێنیش دادەبەزێنێت.

ماست سودی بۆ پێست هەیە و نیشانەكانی پیربوون دوادەخات، هەروەها بۆ پێستی چەور زۆر بەسودە و  ڕێگرە لە چرچبونی دەوری چاوەكان.

5716 جار خوێندراوەتەوە