وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان قەدەغەى هاتوچۆى نیمچەیى راگەیاند و بەپێى
بڕیارە نوێکەش، قەدەغەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و پیادە لە تەواوی پارێزگاکانی هەرێمى
کوردستان ئیدراە سەربەخۆکان و گشت یەکە کارگێڕییەکانیان لە کاتژمێر (08:00)شەو تا (06:00)
بەیانی دەبێت.
لە راگەیەنراوێکدا، وەزارەتى ناوخۆى هەرێمى کوردستان چەند بڕیارێکى نوێى
راگەیاند کە گرنگتیرنیان قەدەغەى هاتوچۆى نیمچەییە لە تەواوى سنورى هەرێمى
کوردستان.
بڕیارە نوێیەکانی وەزارەتی ناوخۆ
یەكەم: قەدەغەی هاتووچۆی ئۆتۆمبێل و پیادە لە تەواوی پارێزگاكانی هەولێر و
سلێمانی و دهوك و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆكانی راپەرین و گەرمیان و گشت یەكە كارگێڕییەكانیان
لە كاژێر (08:00)ی شەو تاوەکو (06:00)ی بەیانی.
دووەم: بەدەر لە خاڵی (یەكەم)ى سەرەوە، رێگە دەدرێت بە هاتووچۆكردنی ئۆتۆمبێلی
ئاژانس و رێكخراوەكانی (UN) و رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و هاوپەیمانان
و دیپلۆماتكاران و ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەكان و تیمە تەندروستیيەكان و كۆمپانیاكانی
نەوت و كۆمپانیاكانی پەیوەندییەكان و ئۆتۆمبێلی ئەمبوڵانس و رۆژنامەوانان، ئەوانەی
لە ئەركی فەرمیدان.
سێیەم: دەرمانخانە ئێشكگرەكان بە كراوەیی دەمێننەوە.
چوارەم: ئالۆگوڕی بازرگانی بەردەوام دەبێت لەنێوان پارێزگاكان و ئیدارە سەربەخۆكانى
هەرێم، و لەگەڵ پارێزگاكانی عێراق.
پێنجەم: بەردەوامبوونی جێبەجێكردنی هەردوو بەیانمان ژمارە (12 و 13) جگە لەو
بڕگانەی كە ناگونجێت لەگەل خاڵی (یەكەم)ی سەرەوە.
شەشەم: پێویستە ژووری ئۆپەراسیونەكان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و گشت
یەكە كارگێڕییەكانی دیکە، ئەم بەیانە جێبەجێ بكەن.
حەوتەم: ئەم بەیانە لە رێكکەوتی (08-04-2021 ) لە کاتژمێر(08:00)ی شەو، تاوەکو
رێكکەوتی (12-04-2021 ) کاتژمێر (08:00)ی شەو جێبەجێ دەكرێت و
لە رۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاودەكرێتەوە.
588 جار خوێندراوەتەوە