وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێم رونکردنەوەیەکی
بڵاوکردەوە و رایگەیاند، دادگای تاوانی کەرکوک/ گەرمیان
بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم بڕیارەکانی گرتنی بۆ بەرپرسی دەروازەی سنوریی
پەروێزخان و فەرمانبەرانی وەزارەتی دەرکردوە.
ڕوونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریەوە
بۆ ڕای گشتی
دوابەدوای ڕوونکردنەوەمان لە بەرواری
(2021/2/11) تایبەت بە پرسی ئەو دۆسیەیەی کە دادگای لێکۆڵینەوەی قۆرەتوو لەسەر
ژمارەیەک بەرپرسی دەروازەی پەروێزخان و بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێمی کوردستان
جووڵاندبووی، بە پێویستی دەزانین کە ڕوونکردنەوە و زانیاری زیاتر بخەینەڕوو.
ئاماژە بە بڕیاری دادگای تاوانی کەرکوک /گەرمیان
(بەسیفەتی تەمییزی) بەژمارە (14/ت/2021) لە بەرواری (2021/2/9) تایبەت بە وردینی
کردن و پێداچوونەوە بە دۆسیەی ئاماژەپێکراوی سەرەوە بڕیاری لە بەرژەوەندی وەزارەت
دەرکرد بە هەڵوەشاندنەوەی (نقص) ی گشت بڕیارەکانی گرتن دەرهەق بە فەرمانبەرانی وەزارەتمان،
لە کاتێکدا بابەتی ئەو دۆسیەیە تەنها جێبەجێکردنی بڕیارێکی وەزارەتمان بوو، بەپێی ڕێنماییەکان
لە دەروازەی پەروێزخان بە ئەنجام گەیەندراوە.
ئێمە لە کاتێکدا و لە سۆنگەی بەرپرسیارێتیەوە
پابەندبوونی تەواو بۆ ئیجرائات و فەرمان و بڕیارەکانی دادگاکان دەردەبڕین و هاوکار
و هەماهەنگ دەبین بۆ سەروەری یاسا و جێبەجێکردنی دادپەروەری، لە هەمان کاتدا داوا
لە دادگاکان و دادوەرە بەڕێزەکان دەکەین کە ئەرک و بەرپرسیاریەتی بەرپرس و کارمەندانمان
و ماندووبوون و دڵسۆزیان لە چوارچێوەی یاسا لەبەرچاو بگیرێت.
لەگەڵ ڕێزماندا....
ڕاگەیاندنی وەزارەتی دارایی و ئابووری
665 جار خوێندراوەتەوە