هەر نەخۆشێکى کۆرۆنا پارەى زیادەى لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان لێوەرگیرابێت، بۆى دەگەڕێندرێتەوە

KNN : Kurdish News Network
11:14 - 01/03/2021
کوردستان
+
-

وتەبێژى وەزارەتى تەندروستى رایدەگەیەنیت؛ لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی تەندروستی پێکهێنرا بۆ پێداچوونەوە لەسەر ئەو بڕە پارەیەی لە نەخۆشانی کۆڕۆنا وەرگیراوە لەلایەن نەخۆشخانە ئەهلیەکانن دەشڵێت: تەنها لە یەک نەخۆشخانەى ئەهلى، بڕی زیاتر لە (116) هەزار دۆلار پارەى زیادە لە نەخۆشانى کۆرۆنا وەرگیراوە.

د. ئاسۆ حەوێزی وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند: دوای تەشەنەکردنی ڤایرۆسی کۆڕۆنا وەزارەتی تەندروستی بە دوو قۆناغ بڕیاریدا نەخۆشخانە ئەهلییەکان داشکان بکەن بۆ تووشبووانی کۆرۆنا سەرەتا داشکان بەڕێژەی (25% ) و دواتر بەڕێژەی (50%.).

دەشڵێت: هەندێک نەخۆشخانە پێچەوانەی بڕیارەکان خەرجی زیاتریان لە نەخۆش وەرگرتووە، بۆیه لیژنەکە سەردانی هەموو نەخۆشخانەکان دەکا.

ئاشکرایدەکات؛ تەنها لە یەک نەخۆشخانەی ئەهلی دەرکەوتووە پارەی زیادە لە (33) نەخۆش وەرگیراوە کە دەکاتە بڕی زیاتر لە (116) هەزار دۆلار بەرامبەر بە (169) ملیۆن دینار کە لە ئەمڕۆوە بۆ هاوڵاتیان دەگەڕێندرێتەوه.

جەختیش دەکاتەوە، لیژنەکە بەردەوامە لە پێداچوونەوەی هەموو نەخۆشخانەکان و بەدواداچوون بۆ ئەو سکاڵایانە دەکەن كە لەسەر ئەو نەخۆشخانانە هەیە و هەر نەخۆشخانەیەک سەرپێچی کردبێت و پارەی زیادەی وەرگرتبێت، دەگەڕێندرێتەوە بۆ نەخۆش بە خاوەن مافەکان.

2521 جار خوێندراوەتەوە