لەقوڵای ناوچە شاخاوییەكانی
باشوری چین، گروپێك توێژەر و زانای تایبەت سەرقاڵی ئەنجامدانی گەران و پشكنینن بۆ
دۆزینەوەی ئەو شوێنانەی شەمشەمەكوێرەكانی تێدا دەژین، چونكە ئەوانەی ئەو ناوچەیە هەڵگری
جۆرە نەوەیەكی ڤایرۆس بوون كە زۆر لە كۆرۆناوە نزیكبووە، بەڵام رەنگە رێوشوێنە
توندەكانی حكومەتی چین رێگیربێت لە ئاشكراكردنی راستییەكان.
ئەو ناوچە شاخاوییە
گرنگییەكی زۆری زانستی هەیە، چونكە پێشبینی دەكرێت بەڵگەی ئاشكرای سەرچاوەی ڤایرۆسی
كۆرۆنا لەوێ ئاشكرا ببێت، كە تائێستا زیاتر لە ملیۆنێك و (800)هەزار كەسی كوشتووە.
بەدوادا چونێكی ئاژانسی
ئاسۆشیتد پرێس ئەمریكی ئاشكرایكردووە، گروپێك توێژەر رەچەڵەكی بنەرەتی ڤایرۆسەكەیان
دۆزیوەتەوە، بەڵام لێیان سەندراوە و گروپێكی تایبەتمەندی چینی لە بواری ڤایرۆسەكان،
رێگەیان نەداوە ئەو توێژەرانە هیچ لێدوانێك بۆ رۆژنامەنوسان بدەن.
هەروەها چەند رۆژنامەنوسێكی
ئاژانسەكە، كەبەهەمان شێوە بەدواداچونیان بۆ رەچەڵەكی ڤایرۆسەكە كردووە، لەكۆتایی
مانگی تشرینی دووەمدا لەلایەن پۆلیسی چینەوە راوەدونراون و چەند كەسێك بە جلوبەرگی
مەدەنییەوە كە لە چەند ئۆتۆمبیلێكدا بوون رێگاكەیان لێداخستوون.
ئاسۆشیتد پرێس لەسەرەتای
دەركەوتنی كۆرۆناوە چەند هەوڵێكی حكومەتی چینی ئاشكراكرد بۆ شاردنەوەی راستییەكان
و رێگری كردن لە ئەنجامدانی توێژینەوە، باسی لەوەش كرد حكومەتی ئەو وڵاتە دەیەوێت
بە بڵاوكردنەوەی چەند پروپاگەندەیەك گرییمانەی ئەوە بدات بە دەستەوە كە ڤایرۆسەكە
بۆ یەكەمجار لەدەرەوەی چین دەركەوتووە، ئەمە جگە لەوەی سەدان هەزار دۆلار دەدات توێژەرەكانی
باشوری چین و ئەندامانی سوپا لەو ناوچانە تاوەكو راستییەكان دەرنەخەن.
حكومەتی چین لەگەڵ ئەو
هەوڵانەدا چاودێری ئەنجامی ئەو لێكۆڵینەوانە دەكات كە توێژەرەكان ئەنجامی دەدەن و رێگە
نادات هیچ زانیارییەك لەبارەیانەوە ئاشكرابكرێت، پێش ئەوەی گروپێكی تایبەتمەند كەلەلایەن
ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێكهاتووە رێگەی بڵاوكردنەوەیان پێنەدەن، ئەو گروپەش راستەوخۆ
لەلایەن شی جی بینگ سەرۆكی چینەوە ئاراستە دەكرێن.
بەپێی چەند بەڵگەنامەیەكی
ناوخۆی كە دەست ئاسۆشیتد پرێس كەوتووە، دەیان پەرەی بڵاونەكراوەیە هەیە، ئەوەش بەڵگەیە
بۆ شاردنەوەی راستییەكان.
هۆكاری ئەو رێوشوێنە
توندەی چین كە لەو بوارەدا دەیگرێتە بەر دەگەرێندرێتەوە بۆ ترسی ئەو وڵاتە لەوەی تۆمەتبار
بكرێت بە كەمتەرخەمی كردن و هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لەكاتی دەركەوتنی ڤایرۆسەكە و لەسەرەتای
دەركەوتنیدا.
ڤایرۆسی كۆرۆنا كە بۆ یەكەمجار
لە چێشتخانەیەكی خواردنە دەریاییەكانی شاری وهانی چین دەركەوت، ژمارەی توشبووان لەو
وڵاتە گەشتە زیاتر لە (87) هەزار كەس و زیاتر لە چوار هەزاریان گیانیان لەدەستدا،
لە جیهانیشدا ژمارەكە (83) ملیۆن توشبووی تێپەراندووە، لەو ژمارەیەش زیاتر لە ملیۆنێك
و (800) هەزار كەسیان گیانیان لەدەستداوە.
1394 جار خوێندراوەتەوە