پسپۆڕانی تەندروستی سەرقاڵی ئەنجامدانی توێژینەوەكانیان، بۆ زانینی زانیاری نوێ دەربارەی جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنا كە دوو هەفتە بەر لەئێستا لە بەریتانیا دەركەوت، ڕێكخراوی تەندروستی جیهانیش هۆشدارییەكی تایبەتی بۆ گەنجان بڵاوكردەوە لە بارەی ڤایرۆسەكەوە.
هانس كلۆگی بەڕێوبەری نوسینگەی ئەوروپای ڕێكخراوەكە لەپەیامێكدا لەڕێی تویتەرەوە باسی لەوە كردووە، ئەم جۆرە نوێیەی جیاوازە لەوەی پێشتر، لەنێوان كەسانی تەمەن گەنج و ئەوانەی تەمەنیان كەمە بڵاودەبێتەوە، بۆیە پێویستە ئەو كەسانە هۆشیاری زیاتریان هەبێت و ئاگاداری خۆیان بن، بەپێویستیشی دەزانێت توێژینەوەی زیاتر لەسەر كاریگەرییەكانی ئەنجامبدرێت.
هەشت وڵاتی ئەوروپی
ئەو بەڕێوبەری تەندروستی جیهانی لە تویتەكەدا ئەوەی ئاشكرا كردووە، تائێستا لە هەشت وڵات حاڵەتەكانی توشبوون بە جۆرە نوێكە تۆماركراوە، بۆیە پێویستە ڕێوشوێنی توندبگیرێتە بەر و هاوڵاتیان چەند مەترێك دووری لە نێوان خۆیان و كەسانی دیكەدا هەبێت، هەروەها بەكارهێنانی دەمامك یەكێكە لە خاڵە گرنگەكانی خۆپارێزی.
بەریتانیا كە بۆ یەكەم جار جۆرە نوێیەكەی كۆرۆنای تێدا ئاشكرا كرا، بەخێرای( +61% ) ڤایرۆسەكەی تێدا بڵاودەبێتەوە و لە حەوت ڕۆژ ڕابردوودا ڕۆژانە زیاتر لە هەزار حاڵەتی تۆمار كردووە.
توندتر و بەهێزترە
یەكێك لەو توێژینەوانەی لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر جۆرە نوێكەی كۆرۆنا ئەنجامدراوە ئاماژەی بەوە كردووە، بەرێژەی 50% بۆ 74% توندتر و بەهێزترە.
توێژینەوەكە لەلایەن قوتابخانەی لەندەن بۆ پاراستنی تەندروستی و پزیشكی لە ناوچە گەرمەكان ئەنجامدراوە باسی لەوەكردووە، ئەگەر ڕێوشوێنی خێرا و توند بۆ ڕوبەڕوبونەوەی نەگیرێتەبەر، ڕێژەی مردن بە كۆڤید 19 لە ساڵی 2021 زۆر لەوە زیاتر دەبێت كە لە 2020 تۆماركراوە.
25 ملیۆن توشبوو
تائێستا زیاتر لە 25 ملیۆن حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشی كۆڤید 19 لە كیشوەری ئەوروپا تۆماركراوە، ئەو گۆڕانكارییەش كە تێیدا ڕویداوە ترس و دڵەڕاوكێیەكی زیاتر بڵاوكردۆتەوە، ئەمە لە كاتێكدایە هەڵمەتی كوتان بە ڤاكسینی دژە كۆرۆنا لە ڕۆژی یەكشەممەوە دەستی پێكردووە.
كیشوەری ئەوروپا كە لە 52 وڵات پێكهاتووە، كۆرۆنا زۆرترین زیانی پێگەیاندووە و ئەو 25 ملیۆن توشبووە زۆرترینە بەراورد بە كیشوەرەكانی دیكە، بەدواشیدا ئەمریكا زیاتر لە 19 ملیۆن توشبوو و دواتر ئەمریكای لاتین بە زیاتر لە 15 ملیۆن حاڵەت و پاشان لە پلەی كۆتایدا كیشوەری ئاسیایە كە زیاتر لە 13 ملیۆن كەس توشبووە، ئەمەش بەپێی سەرژمێرییەكی نوێ كە ئاژانسی فرانس پرێس ئەنجامیداوە.
هەربەپێی سەرژمێرییەكە ئەوروپا یەكەم ناوچەیە كە لە 17 كانونی یەكەمدا، ژمارەی ئەوانەی گیانیان لەدەستدا نیو ملیۆنی تێپەڕاند.
1983 جار خوێندراوەتەوە