هۆشداری لەسەر بەکارهێنانی تەلی قاپ شۆردن دەدرێت

KNN : Kurdish News Network
08:18 - 24/11/2020
کوردستان
+
-

سەرۆکی لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی، سەبارەت بە مەترسییەکانی کەمتەرخەمی لە بەکارهێنانی تەلی قاپ شۆردن رایدەگەیەنێت: ئەو تەلە لە وردە ئاسن پێکهاتووە و هەندێکجار پارچەی لێدەبێتەوە، تێکەڵی خواردن دەبێت و مرۆڤ توشی ژەهراوی بون دەکات.

 

 
لەشکر حەمید، پسپۆڕی خۆراک و سەرۆکی لیژنەکانی قائیمقامیەتی سلێمانی رایدەگەیەنێت، پێکهاتەی تەلی قاپ شۆردن لە وردە ئاسن پێکهاتوە، بۆیە پێویستە بەوریاییەکی زۆرەوە بەکاربهێنرێت، چونکە هەندێک جار پارچەی لێ دەبێتەوە و تێکەڵی خواردن دەبێت، لەکاتی قوتدانی تەلەکە لەگەڵ خواردنەکان ئەگەری زۆرە لە بۆرییەکانی هەناسە، ڕیخۆڵە یان دیواری گەدە بچەقێت و ببێتە هۆی هۆی هەوکردن و دروست بونی برین.

 

 

دەشڵێت، لەکاتی چونە ژورەوەی تەلی حاجەت بۆناو گەدەدا لەگەڵ ترشەکان کارلێک دەکات، بەدروستکردنی ماددەی نوێ دەبێتە هۆی ژەهراوی بوون و بەرزبوونەوەی تۆکسین و ڕێژەی کانزا قورسەکان لە جەستەی مرۆڤدا.

 

 

ئاماژەی بەوەشکردووە، بەهۆی کاریگەرییە خراپەکانی لەسەر تەندروستی مرۆڤ، لیژنە هاوبەشەکانی قائیمقامیەت و تەندروستی سلێمانی ڕێگری لە بەکارهێنانی تەلی قاپ شۆردن لە شوێنە گشتییەکان دەکەن، نابێت مەنجەڵی تیڤاڵی و سینی داخوراو بەکاربهێنن، بەپێچەوانەوە روبەڕوی رێکاری یاسایی دەکرێنەوە.

1997 جار خوێندراوەتەوە