چۆن مامەڵە لەگەڵ ئازاری ماسولکە و جومگەکان بکەین لەکاتی توشبوون بە کۆرۆنا

KNN : Kurdish News Network
10:33 - 06/11/2020
تەندروستی

بەهۆی ئەوەی لەھەموو جیھاندا ڕێژەی توشبوون بە پەتای کۆرۆنا ڕوو لە زیادبوونە، ھۆشیاری و فێربۆنی ئەو ڕێگایانەی کە دەتوانین پارێزگاری لەخۆمان بکەین پێی زۆر گرنگە، ژمارەیەکی زۆر لە توشبوەکان و تەنانەت لە دوای چاکبونەوەش، بۆ ماوەیەکی زۆر بەدەست ئازاری جومگەکان و ماسولکەوە دەناڵێنن.

 

 
د. هەڤین کەمال پسپۆڕی بێهۆشکاری و ئازار شکاندن لە نوسینێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک "لەسەر زاری پسپۆڕێکی بواری ئێسک و شکاری لە زانکۆی پەنسلڤانیا" باس لەچۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئازاری ئێسک و جومگەکان دەکات لەکاتی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا بەم شێوەیە:

1- ھەوڵ دە ھەوکردنی جومگەکانت کۆنتڕۆڵ بکەیت: کاتێک ھەستت بە ئازاری جومگەکانت کرد، ئەوە مانای ئەوەیە کەهەوکردن لەجومگەکانتدا دروست بووە، هەوکردن کەتووشی جومگەو شانەکان دەبێت دەبێتە هۆی تێزانی ئاو وشلەو هەڵئاوسان، تێکشکاندنی ماسولکە و ئازار و گەرمی لە جومگەکان .

باشترین ئەو رێگایەنەی دەتوانیت لەماڵەوە بەکاری بهێنیت بریتیە لە (پشودان بەو جومگەیەی ئازاری تێدایە، بەکارهێنانی ساردی و سەهۆڵ یاخود جەوەنەی سارد یان پاکی سارد بۆ ناوچەی ئازارەکە، کە ئەویش نابێت لە بیست خولەک زیاتر بێت،کە کاریگەری هەیە بۆ کەمبونەوەی هەوکردنەکەو لەگەڵیدا کۆنتڕۆڵکردن و سڕکردنی ئازارەکە، بەستنی جومگە بە ئازارەکە بە باندج یاخود بەکارهێنانی سپلینتی تایبەت، بەرز راگرتنی جومگە بە ئازارەکە، بۆ نموونە لەکاتی ئازاری قاچ یاخود ئەژنۆ باشترە چەند بالیفێک یاخود گۆشەیەک دابنرێت بۆ بەرزڕاگرتنی جومگەکە).

2- دژە هەوکردەکان بەکاربهێنە: هەرچەندە لەسەرەتایی پەتاکەدا هەندێک لە پزیشکان هۆشدارییان دەدا لەبارەی بەکارنەهێنانی دژە هەوکردنە ناستیرۆیدیەکان، بەڵام تا ئێستا هیچ بەڵگەیەکی تەواو نییە لەسەر ئەوەی کە ئەم دژە هەوکردنانە ببنە هۆی خراپترکردنی باری تەندروستی توشبوان، بۆیە گرنگە لەژێر ڕێنمایی پزیشکەکەت و بەپێی باری تەندروستیت دژەهەوکردنی گونجاو بەکاربێنیت.

 

3- دوربکەوە لە کولانەوەی ئازاری جومگەکانت: پێکان لە جومگەکانت یاخود ماندوکردنی جومگەکانت بە چالاکی و ئیش وکاری ڕۆژانە، لەوانەیە ببێتە هۆی زیادکردنی ئازار لە جومگەکانتدا، هەندێک هۆکاری تریش وەکو: سترێس و دڵەڕاوکێ، جووڵەی دووبارە، هەوکردنی بەکتیری، زیادبوونی کێش، کەش و هەوا، باشترین ڕێگا ئەوەیە هەوڵبدەیت هەندێک جووڵە یاخود چالاکی کەمبکەیتەوە کە دەبنە هۆی کولانەوەی ئازارەکانت، بۆ نموونە هەوڵ بدە لەسەر کورسی نزم دانەنیشیت، یاخود لەسەر زەوی کەناچار دەبیت ئەژنۆکانت بنوشتێنیتەوە، دوور بکەوە لە ڕۆشتن یاخود ڕاکردن بۆ ماوەیەکی زۆر.

 

4- لە ماڵەوە وەرزش بکە: هەندێک جۆر لەوەرزش زۆر گرنگە بۆ کەمکردنەوەی ئازار، بەتایبەت ئەو وەرزشانەی بۆ بەهێزکردنی ماسولکە دەبن، بەتایبەت ماسولکەی حەوزو ئەژنۆکان، یەکێک لەهەرەگرنگترین ماسولکەکان بۆ تەندروستی جومگەی حەوز و ئەژنۆکان، ماسولکەی کوادریسێپسە، بەنموونە؛ هەر وەرزشێک کە تیایدا ئەژنۆت ڕاکێشیت یاخود لەسەر کورسییەک دابنیشیت و قاچت بەرز بکەیتەوە بە ڕێکی، ئەوا ئەم ماسولکانەت دەجوڵێن و ئازارت کەمدەکەنەوە.

 

5- ڕای پزیشکی پسپۆڕ وەربگرە: ئەگەر ئازارەکەت بەم ڕێگایانە کۆنتڕۆڵ نەبوو پێویستە ڕای پزیشکی پسپۆڕ وەربگریت بۆ دانانی ڕێگا چارەی تر،بەپێی توژینەوەکان زۆر لەتوشبوانی ئەم پەتایە لە دوای چاکبونەوەشیان لە ڤایرۆسەکە بۆ ماوەیەکی زۆر هەست بە ئازاری ماسولکەکان دەکەن لە گشت جەستەیاندا، ئەویش بەهۆی تێکشکاندنی هەندێک لە خانەوشانەی ماسولکەکانە بەهۆی ڤایرۆسەکە

780 جار خوێندراوەتەوە