ئەمەریکا سزای بەسەر (18) بانکی ئێرانیدا سەپاند

11:07 - 09/10/2020
جیهان

وەزارەتی دارایی ئەمەریکا سزای بەسەر کەرتی دارایی و (18) بانکی ئێرانیدا سەپاند.

بەپێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی دارایی ئەمەریکا، ئەو بانکانەی لەلایەن وڵاتەکەیەوە سزایان بەسەردا سەپێنراە، بریتین لە (سامان، سەرمایە، تەوسعەی تەعاون و گەردشگەری، حیکمەت، ئێران زەومین، قەرزولحەسەنەی مێهری ئێران، بانکی شار، ئیقتساد نوین، سەرمایەی ئەمین، کشاورەزی، مەسکەن، ڕفاهـ، ڕساڵەت).

 

هاوکات مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، زۆرترین فشارەکانی واشنتن بۆسەر تاران بەردەوام دەبێت، تا ئەو کاتەی کە بەرپرسانی ئێران کۆتایی بە ڕەفتارە شەڕانگێزییەکانیان لە ناوچەکە دەهێنن و ڕازی دەبن بێنەسەر مێزی گفتوگۆ.

وتیشی، ئەو گەمارۆیانە زیاتر ئێران سنوردار دەکاتەوە لە پاڵپشتی و پشتیوانیکردنی ماددی لە گروپە تیرۆریستییەکان و چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە پەکدەخات کە هەڕەشەیە بۆسەر هەموو جیهان.

بڕیارە سزا نوێکانی سەر بانکە ئێرانییەکان لە ماوەی (45) رۆژدا بچنە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆئەوەی مۆڵەت بدرێتە کۆمپانیان جیهانییەکان، مامەڵە بازرگانییەکانیان لەگەڵ ئێران کەم بکەنەوە.

617 جار خوێندراوەتەوە