زیانەكانی هەناسەدان بە دەم لەكاتی خەوتندا

KNN : Kurdish News Network
06:32 - 03/09/2020
تەندروستی
+
-

لای هەمووان ئاشكرایە هەناسەدان بەدەم یەكێكە لە كێشە و حاڵەتە بێزاركەرەكان، بەڵام هەندێك كەس ناچارن بەهۆی كێشە و گرفتەكانی لوتەوە لەكاتی خەوتندا بەدەم هەناسە دەدەن، ئەوەش مەترسییەكی زۆریان بۆ دروست دەكات.

بۆ زانینی مەترسییەكانی ئەو حاڵەتە، جیمس نیستۆر زانای زانكۆی ستاردفۆرد توێژینەوەیەكی لەسەر خودی خۆی ئەنجامداوە و بۆ ماوەی (10) رۆژ لەكاتی خەوتندا لوتی خۆی داخستووە.

ئەو پسپۆڕە لەبارەی ئەزمونەكەیەوە دەڵێت: دەمانزانی كارەكە باش نابێت، چونكە بنەمایەكی زانستی بەهێز هەیە هەموو زیانەكانی هەناسەدانی بەدەم ئاشكرا كردووە، كە لە كێشەكانی پوكەوە دەستپێدەكات تا دەگاتە گرفتەكانی مێتابۆلیزم، كە مەبەست لەو كارلێكە كیمیاویانەیە كە لە خانەكاندا ڕوودەدات، ئەوەش كە جێی سەرسوڕمان بووە خێرایی دەركەوتنی ئەو كاریگەرییانە بووە لەسەر جەستەی پسپۆڕەكە.

ئەنجامەكانی ئەزمونەكەی جیمس نیستۆر بریتی بوون لە بەرزبونەوەی فشاری خوێن و تێكچونی لێدانەكانی دڵ، ئەوە لەش دەخاتە حاڵەتێكی دڵەڕاوكێوە، هەروەها هۆكاری پرخە پرخە بەدرێژایی شەو، ئەمە جگە لەوەی دەبێتە هۆی بڕانی هەناسە و داخستنی بۆری هەناسەدان.

نیستۆر ئاماژە بەوە كردووە، نەزانراوە كاریگەرییەكان بەو ڕادەیەیە، بەجۆرێك پرخە پرخ و هەناسە بڕانەكە دوو خراپترین حاڵەت بووە.

لای خۆیەوە دكتۆر ستیڤن پارك پسپۆڕی پزیشكی لە خەوتندا باسی لەوە كردووە، كۆمەڵێك هۆكار هەیە وا لەكەسێك دەكات لەكاتی خەوتندا بە دەم هەناسە بدات، كە دیارترینیان گیرانی لوتە بە چەند هۆكارێك، لەگەڵ هەستانیشدا ئەو گرفتە چارەسەر دەبێت.

ئەو پسپۆڕە دەڵێت "ئەو كەسانە لەكاتی خەوتندا وا هەست دەكەن ئەگەر دەمیان بكەنەوە دەتوانن باشتر هەناسە بدەن، بەڵام ئەوە بیروباوەڕێكی هەڵەیە چونكە هیچ كاریگەرییەكی نییە، بەڵكو دۆخەكە خراپتر دەكەن".
كردنەوە دەم دەبێتە هۆی گەڕانەوەی زمان بۆ دواوە ئەوەش هۆكاری داخستنی بۆری هەوایە، ئەوەش بۆ ئەو كەسانە دروست دەبێت كە بڕانی هەناسەیان هەبێت یاخود نا.

پارك داوا لەو كەسانە دەكات گرنگی زیاتر بە تەندروستی لوتیان بدەن و ئەو چارەسەرانە بەكاربهێنن كە دەبنە هۆی كرانەوەى لوت.

دكتۆر ستیڤن پارك بە گرنگی دەزانێت ئەو كەسانە پێش خەوتن نان نەخۆن، چونكە زۆرجار ئەو گیراوانەی گەدە بۆ هەرسی خواردنەكە دەریدەدات دەگەڕێتەوە قوڕگ و لوت و ناو دەم، ئەوەش دەبێتە هۆی هەوكردن و هەستكردن بە خنكان.

1651 جار خوێندراوەتەوە