بەو پێیەی ماوەی چەند مانگێكە ڤایرۆسی كۆرۆنا بڵاوبووەتەوە، بۆیە تائێستا زانیاری تەواو لەبارەیەوە
نازانرێت و بەردەوام زاناكان بابەتی نوێ لەبارەیەوە بڵاودەكەنەوە.
نوێترین توێژینەوە لەلایەن چەند پسپۆڕێكی ئەوروپییەوە ئەنجامدراوە، بەراوردێكیان
كردووە لەنێوان ئەو كەسانەی توشی كۆرۆنا دەبن و ئەوانەی پەتای وەرزی دەگرن، لە كۆتایشدا
ئاماژەیان بەوە كردووە بەشێوەیەكی ئاسان هەموو كەسێك دەتوانێت كۆرۆنا لە پەتا جیابكاتەوە.
پسپۆڕەكان باسیان لەوە كردووە، ئەو لەدەستدانەی هەستی بۆنكردن كە ڕوبەڕووی
توشبووی كۆرۆنا دەبێت، جیاوازە لەوەی لای ئەو كەسانەیە كە پەتا و ئەنفلۆنزای وەرزیان
هەیە، بەجۆرێك ئەوانەی توشی كۆڤید 19 دەبن بەشێوەیەكی كتوپڕ و بەهێز ئەو هەستەیان
نامێنێت.
بەپێی توێژینەوەی پسپۆڕەكان، زۆرینەی توشبووانی كۆرۆنا دەتوانن زۆر
ئازادانە و بە ئاسانی هەناسە بدەن، چونكە لوتیان ناگیرێت و هیچ شلەیەكی تێدا كۆنابێتەوە
هەڵامەتی لەگەڵدا نابێت، بەڵام ئەوانەی توشی پەتای وەرزی دەبن ئەو حاڵەتانە لایان
پێچەوانەیە..
یەكێكی دیكەی لە جیاوازییەكانی كۆرۆنا و پەتای وەرزی نەمانی هەستی
تامكردنە..
پسپۆڕەكان لە گۆڤاری (Rhinology) ڕاگەیاندووە،
ئەوانەی كۆرۆنایانە هەستی تامكردنیان لاواز نییە، بەڵكو بەتەواوی ئەو هەستەیان لەكاردەكەوێت
بەجۆرێك ناتوانن جیاوازی لەنێوان تامی شیرین و تاڵدا بكەن و لەیەكتری جیابكەنەوە،
بەو پێیەی ڤایرۆسەكە كاریگەری لەسەر ئەو خانە دەمارییانە دروست دەكات كە پەیوەندیان
بە هەستی تامكردن و بۆنكردنەوە هەیە.
نیشانە سەرەكییەكانی توشبوون بە نەخۆشی كۆڤید 19 بریتییە لە بەرزبونەوەی
پلەی گەرمی لەش كۆكەیەكی بەردەوام، هەروەها نەمانی هەستەكانی تامكردن و بۆنكردن، بۆیە
هەركەسێك ئەو نیشانانەی هەیە دەبێت خۆی كەرەنتینە بكات و پشكنین بكات بۆ ئەوەی
بزانێت هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنایە یاخود نا، ئەمە جگە لەوەی پێویستە ئەندامانی خێزانەكەی
و ئەو كەسانەی تێكەڵاوی بەركەوتنیان لەگەڵیدا هەبووە كەرەنتینە بكرێن، بەڵام بۆ پەتا
وەرزی ئەو نیشانانە بەیەكەم نابن.
پرۆفیسۆر كارل فیلپۆت توێژەری سەرەكی لە زانكۆی ئێست ئەنگلیا، پشكنینی
تامكردن و بۆنكردن بۆ 30 كەسی خۆبەخش ئەنجامداوە، بەجۆرێك 10 كەسیان كۆرۆنایان هەبووە،
10 دیكەیش پەتای وەرزی و ئەوانی تریش هیچ نیشانەیەكی نەخۆشییان نەبووە.
بەپێی ئەنجامەكان توشبووانی كۆرۆنا هەستی بۆنكردنیان زۆر بە قوڵی لەدەستداوە
و توانای جیاكردنەوەی بۆنە جیاوازەكانیان نەبووە، بەهیچ شێوەیەكیش نەیانتوانیوە جیاوازی
لەنێوان تامی شیرین و تاڵدا بكەن.
ئەو پرۆفیسۆرە ئاماژە بەوە كردووە دەتوانرێت پشت ببەسترێت بە تاقیكردنەوەی
هەستی بۆنكردن و تامكردن بۆ جیاكردنەوەی كەسانی توشبوو بە كۆرۆنا و پەتا وەرزییەكان،
ئەوەش دەتوانرێت لەماڵەوە خودی كەسەكە خۆی ئەنجامی بدات.
باشترین ئەو كەرەستانەی پێویستە لە تاقیكردنەوەكەدا بەكاربهێنرێن بریتین
لە قاوە، سیر، پرتەقاڵ، لیمۆ و شەكر، ئەگەر كەسەكەش بە پێویستی زانی دەكرێت پشكنینی
قوڕگ و لوت ئەنجام بدات.
سەبارەت بە گەڕانەوەی ئەو هەستانە پسپۆڕەكان ئاشكرای دەكەن، چەند هەفتەیەك
دوای چاكبونەوەی كەسەكە لە كۆرۆنا ئەو هەستانەی دەگەڕێنەوە دۆخی ئاسایی و دەتوانن
هەموو تام و بۆنەكان جیابكەنەوە.
8057 جار خوێندراوەتەوە