کۆمپانیای لۆکس ئەیجنسی: بەهۆی ڕێگری لە هاوردەکردنی بەرهەمی ژەهراوی هێرشمان کرایەسەر

KNN : Kurdish News Network
05:09 - 14/08/2020
کوردستان
+
-

کۆمپانیای لۆکس ئەیجنسی کە کاری کوالیتی کۆنرۆڵ دەکات لە دەروازەی سنوری پشتەی سەر بە ناحیەی بەمۆ، رایگەیاند، بەهۆی ڕێگریکردن لە هاوردەکردنی کەرەستەی پلاستیکی کوالیتی خراپ و ژەهراوی هێرشی کراوەتەسەر.

 

 کۆمپانیاکە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت سەرلەبەیانی ڕۆژی (12/8/2020) پێش دەستپێكی دەوامی فەرمی لەلایەن هەندێك لە بازرگانانی دیاری كەرەستەی پلاستیكی و شۆفێری بارهەڵگرەكانیانەوە هێرشکراوەتە سەر تاقیگەکانی نوسینگەی فەرمیان و زیانێکی زۆر بە کەرەستە و ئامێرەکان گەیشتووە.

 

کۆمپانیاکە هۆکارەکەى بە نارازیبوونیان لەئەنجامەكانی پشكنینی كەرەستە پلاستیكیە هاوردەكراوەكانیان نیشانداوە كە ڕۆژی پێشتر (12) نمونەیان بەهۆی دەرنەچونیان لە دەرئەنجامی تاقیگەیی ڕەتكراونەتەوە.

 

محەمەد حەسەن، بەرێوەبەری ڕێپێدراوی کۆمپانیای لۆکس ئەیجنسی بە دیجیتاڵ میدیاى KNN ڕایگەیاند، هەر لەسەرەتای دەستپێكردنیان بە پشكنینی كەرەستەی پلاستیكی بۆیان دەركەوت کە لە هەندێ لە کەرەستە هاوردەکراوەکان بڕێكی زۆر مادەی ژەهراوی وەك (كانزا قورسەكان) بەكاردەهێنرێت لە بەرهەمهێنانی كەرەستە پلاستیكیەكاندا ئەمەیش لەبەر هەرزانی نرخی مادەپێكهێنەرەكان بەبێ گوێدانە تەندروستی مرۆڤ و بەرژەوەندی گشتی.

 

محەمەد حەسەن، وتیشى: لە پێناو پاراستنی مافی بەكاربەر وەك ئەركێكی ئەخلاقی و نیشتمانی چەندین جار كۆبونەوەیان لەگەڵ بازرگانان کردووەو لە مەترسی ئەو مادە ژەهراویانە ئاگاداریانكردوونەتەوە كە بە تێپەڕبوونی كات هۆكارن بۆ دروستبوونی خانە شێرپەنجەییەكان و نەخۆشیە مەترسیدارەكانی وەك لەكاركەوتنی گورچیلە و دواكەوتنی گەشەی مناڵ و چەندانی تر.

 

کۆمپانیای لۆکس ئەیجنسی لە ساڵی 2017 ەوە دامەزراوە و خاوەنی سێ بروانامەی نێودەوڵەتی (ISO) ئایزۆیە، کاری کوالێتی کۆنترۆڵ دەکات لە دەروازە سنورییەكانی (پەروێزخان، پشتە، كێلێ)كاری پشكنینی تاقیگەیی بۆ سەرجەم شمەكە هاوردەكراوەكان ئەنجام دەدات..

2407 جار خوێندراوەتەوە