بەتۆمەتی بردنی سێ ملیار دینار بەڕێوەبەری فەرمانگەیەکی سلێمانی سزادرا

11:31 - 09/08/2020
کوردستان

دادگای سلێمانی دانیشتنی کۆتایی لەسەر دۆسیەی دیارنەمانی بڕی سێ ملیار دینار لە فەرمانگەی جێبەجێکردنی سلێمانی ئەنجامدا و بڕیاردا بە سزادانی بەڕێوەبەری فەرمانگەکە و بەڕێوەبەری بەشی ژمێریاری بە شەش ساڵ زیندانیکردن.


بڕیار نامیق پەیامنێری دییجتاڵ میدیای KNN ڕایگەیاند دادگا هەریەکە لە بەڕێوەبەری فەرمانگەکە و بەڕێوەبەری ژمێریاری فەرمانگەکە بە شەش ساڵ زیندانی حکومداوە و چوار فەرمانبەری دیکەش کە بەهەمان تۆمەت ڕاگیرابوون ئازادکردوە، چونکە بەڵگەکان لەسەریان لاواز بوون.

 

سەرۆکی دادگا ڕایگەیاند بەپێی یاسا دەمانتوانی هەتا ١٥ ساڵ زیندانیان بکەین،بەڵام بەهۆی ئەوەی فەرمانبەری حکومەتن بە شەش ساڵ حکومدران.

 

ئەوە لەکاتێکدایە دوو ساڵ پێش ئێستا لە فەرمانگەی جێبەجێکردنی سلێمانی بڕی سێ ملیار دینار دیار نەما،دواتر بەڕێوەبەری فەرمانگەکە و پێنج فەرمانبەری دیکە دەستگیرکران و ئەمڕۆ دادگای بڕیای کۆتایی لەسەر دۆسیەکە دەرکرد.

سلێمانی..بڕیار نامیق

1379 جار خوێندراوەتەوە