چەندان حاڵەت لە هەرێم و دیوانییە و ناسریەو بەسرە و بەغدا تۆماركراون
وەزارەتی كشتوكاڵ: ئەو گۆشتەی هاوردەی عێراق دەكرێت هیچ مەترسیەكی لەسەرنییە
ئەگەر گۆشت بەباشی بكوڵێنرێت ئەوا مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست ناكات
تای خوێن بەربوون لە ساڵانی سیەكانەوە لەعێراقدا بوونی هەبووەو ئێستاش جارێكی تر لەهەرێمی كوردستان و عێراق سەریهەڵداوەتەوە، بەرپرسانی وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ڕایدەگەیەنن: هەمو ڕێوشوێنێكی پێویست بۆ ڕوبەڕوبونەوەی نەخۆشیەكە گیراوەتەبەرو هاوڵاتیانیش دڵنیا دەكەنەوە ئەو گۆشتەی لەدەرەوە هاوردەی عێراق دەكرێت هیچ مەترسیەكی لەسەرنییەو ئەگەر گۆشتیش بەباشی بكوڵێنرێت ئەوا مەترسی لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست ناكات.
ماوەی چەند ڕۆژێكە بڵاوبونەوەی هەواڵی تای خوێن بەربوون لەكەناڵەكانی ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بووەتە جێی باس وخواسی گەرمی هاوڵاتیان، بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لەكاتێكدایە كەچەندان حاڵەت لە هەرێمی كوردستان وناوچەكانی باشوورو ناوەڕاستی عێراق وەك شارەكانی دیوانییەو ناسریەو بەسرەو تەنانەت بەغداش تۆماركراوە.
تای خوێن بەربوون نەخۆشیەكی ڤایرۆسیە كەلەڕێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە ئەویش لەڕێگەی جۆرە زیندەوەرێك بەناوی گەنە كەلەسەر پێست و جەستەی ئاژەڵان دەژی، ئەم زیندەوەرە لەگروپی زیندەوەرە خوێن مژەكانەو بەتایبەت لەسەر لاشەی گیاندارانی وەك مانگاو بزن و مەڕ دەژی.
وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق لە بەیاننامەیەكدا ئەوەی ڕاگەیاندووە: كە ڕێوشوێنی پێویست بۆ ڕووبەڕوبونەوەی نەخۆشیەكە گیراوەتەبەر، دەشڵێت ئەم نەخشیە بەتەنیا لەعَراق نییەو لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەكەش بوونی هەیەو ساڵانە سەرهەڵدەداتەوە، وەزارەتی كشتوكاڵی عێراق ئەوەش دوپات دەكاتەوە كە ڤایرۆسی ئەم نەخشیە هیچ پەیوەندیەكی بەو گۆشتە هاوردانەوە نییە كەدەهێنرێنە عێراق.
د. حسێن عەلی، ڕاوێژكار لەوەزارەتی كشتوكاڵ ئەوەش ئاشكرادەكات نەخۆشیەكە هیچ زیانێكی بە سامانی ئاژەڵ لە عێراق نەگەیاندووەو هەمو ڕێوشوێنێكی پێویستیش بۆ ڕوبەڕوبونەوەی نەخۆشیەكە گیراوەتەبەر.
فەرمانگەكانی ڤێتەرنەری لای خۆیانە دەستیان كردوە بەهەڵمەتی خۆپاراستن لەنەخۆشیەكەو سەرجەم ئەو كێڵگەو شوێنانەی لە گوندەكان تایبەتن بە بەخێوكردنی مەڕوماڵات بەدەرمانی پێویستی بنبڕكردنی زیندەوەرە زیانبەخشەكان ڕژێنراوون، وەزارەتی كشتوكاڵ هاوڵاتیان لەوە دڵنیا دەكاتەوە هیچ مەترسیەك لەبەكارهێنان و خواردنی گۆشت نییە، چونكە ئەگەر گۆشت بەباشی كوڵێنرا ئەگەر ڤایرۆسەكەشی تێدابێت مەترسی بۆسەر تەندروستی مرۆڤ نامێنێت و ڤایرۆسەكە بەگەرمی زۆر لەناودەچێت.
بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی تای خوێن بەربوون زیاتر ئەو كەسانە ڕووبەڕوی دەبنەوە كە ئاژەڵدارن یان ڕۆژانە مامەڵەیان لەگەڵ ئاژەڵدایە وەك كێڵگەكانی بەخێوكردنی مەڕوماڵات ،بۆیە پێویستە پاكوخاوێنی ئەو شوێنانە ڕابگیرێت.
یەكێك لەنیشانەكانی دەركەوتنی نەخۆشیەكە كەسی توش بوو پلەی گەرمی لەشی بەرزدەبێتەوە، هەروەك ژمارەیەك پەڵە لەسەر لەشی دەردەكەوێت و بەهۆیەوە زۆرجاریش خوێن بەربوون ڕوودەدات، شارەزایان هۆشداری ئەوە دەدەن ئەگەر كەسی توشبوو بەخێرایی نەگەیەنرێتە نەخۆشخانە مەترسی لەسەر ژیانی دروست دەبێت.
3256 جار خوێندراوەتەوە