دەرزییەكەی زانكۆی ئۆكسفۆڕدی بەریتانی بۆ دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەخێرای كێبڕكێی جیهانی بۆ دۆزینەوەی چارەسەر دەبڕێت و نزیك دەبێتەوە لە هێڵی كۆتایی، پێشبینیش دەكرێت پلەی یەكەم بەدەست بهێنێت، بەڵام بەو مەرجەی لە تاقیكردنەوەی سێهەم كە 27 ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت سەركەوتوبێت.
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییەكان ئاشكرایانكردووە زۆرینەی وڵاتانی جیهان كە لە هەوڵی بنەبڕكردنی كۆڤید 19 دان، گەشبینییەكی زۆریان هەیە بەرامبەر چارەسەرەكە، چونكە پێشبینی دەكرێت ئەو كەسانەی دەرزییەكەیان لێدەدرێت بەرگری لەشیان دژی كۆرۆنا و چەند ڤایرۆس و نەخۆشییەكی دیكەی كوشندە بەهێزبێت.
د.ئەحمەد مەحمود سالمان كە پسپۆڕێكی میسرییە و ئەندامی گروپی توێژەرانی زانكۆی ئۆكسفۆڕدە، چەند زانیارییەكی لەبارەی چارەسەرەكەوە ئاشكراكردووە و ئاماژەی بەوە كردووە كە دەرمانەكە كۆدێكی بۆماوەیی ئەو پرۆتینە هەڵگرتووە كە بەكاردێت بۆ بەهێزكردنی كۆئەندامی بەرگری لەش، ئەوەش لە ڕێگەی ڤایرۆسێكی دیكەوە كە ماددە بۆ ماوەییەكە دەگوازێتەوە، ئەو ڤایرۆسەش كە بەكاردێت بە ئەدینۆڤیرۆس ناسراوە، بەدیاریكراویش لە ڕەچەڵەكی مەیمونی شەمپازییەوە وەرگیراوە.
ئەو پسپۆڕە ڕوونكردنەوەی زیاتری لەبارەی بیرۆكەی چارەسەرەكەوە داوە و باسی لەوە كردووە، پوختەی ئەو ماددە بۆ ماوەییە پرۆتینییەی لە كۆرۆنادا هەیە و لەڕێگەی ڤایرۆسێكی لاوازی دیكەوە كە لە كۆرۆنادا هەیە دەگوازرێتەوە، ئەركەكەشی نەخۆشخستنی كەسەكە و گواستنەوەی ماددە بۆماوەییەكەیەی كۆرۆنایە بۆ لەشی كەسەكە، كاتێكیش كۆئەندامی بەرگری ڤایرۆسەكە وەردەگرێت ڕاستەوخۆ تێكیدەشكێنێت، بەوەش لەش بەرگری بەرامبەری پەیدا دەكات.
ئەو بەرگرییەی پەیدا دەبێت، هاوشێوەی سوپایەكی بەهێز كاردەكات و لەش ئامادە دەكات بۆ ڕوبەڕووبونەوەی كۆرۆنا بەشێوەیەكی خێرا، بەجۆرێك پێش ئەوەی بگاتە خانەكان و كەسەكە نەخۆش بكات ڤایرۆسەكە لەناودەبرێت.
بیرۆكەی ئەو دەرزییە هاوشێوەی پێكوتەكانی دیكەیە، كە لەڕێی ڤایرۆسێكی لاوازی نەخۆشییەكەوە دەكرێتە لەشەوە و بەرگری بەرامبەری پەیدا دەكات.
سەبارەت بە قۆناغی سێهەم كە 27 ئەم مانگە ئەنجام دەدرێت، د.ئەحمەد مەحمود سالمان دەڵێت " تاقیكردنەوەكە لەسەر 10 هەزار خۆبەخشی بەریتانی، چوار هەزاری بەرازیلی و دوو هەزاری ئەفریقی ئەنجام دەدرێت، هەروەها بەهاوكاری ئەسترا زنیكا 30 هەزار خۆبەخشی دیكە ئامادە دەكرێت و قۆناغی سێهەمیان لەسەر تاقیدەكرێتەوە.
ئەو ئەندامەی گروپی توێژەرانی زانكۆی ئۆكسفۆڕد ئەوەشی ئاشكرا كردووە لەئێستاوە چەند وڵاتێك گرێبەستیان كردووە دوای بڕێكی زۆری دەرمانەكەیان كردووە.
1919 جار خوێندراوەتەوە