راپۆرتێکى ئەمریکى مەترسییەکانى سەر مسەفا کازمى ئاشکرا دەکات

KNN : Kurdish News Network
07:19 - 17/07/2020
عێراق
+
-

مونتەداى لێکۆڵینەوەى ئەمریکى تایبەتمەند بە کاروبارى ئەمنیى و سیاسى، راپۆرتێکى لەسەر ئاستەنگەکانى بەردەم مستەفا کازمى سەرۆک وەزیرانى عێراق بڵاوکردوەتەوە و بەپێویستى زانیوە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى هاوکارى بکات.

 

لە راپۆرتەکەدا مونتەداکە کە بارەگاکەى لە نیویۆرکە، سەرنجى خستوەتەسەر ئەوەى کازمى رووبەڕووى مەترسى سیاسى دەبێتەوە سەبارەت بەو بەڵێنانەى بۆ پاراستنى نێردە نێودەوڵەتییەکان و رێگرى لە هێرشى میلیشیاکانى نزیک لە ئێران داونیەتى.

 

داوا لە هاوپەیمانى نێودەوڵەتى کراوە، سەیرى ئەو پێشێلکارییانە بکات کە میلیشیاکانى نزیک لە ئێران کردویانن و یارمەتى دەسەڵاتدارانى عێراقیش بدەن لە ئاشکراکردنى تاوان و پێشێلکارییە مرۆییانەکانیان.

 

راپۆرتەکە هێماى بۆ دووڕووى میلیشیاکان کردوە و دەڵێت دەیانەوێت خۆیان وەک بەشێک لە دامودەزگا دەوڵەتییەکان بناسێنن و لەگەڵیشیدا بە بەردەوامى پێشێلى یاسا نێودەوڵەتییەکان و مافى هاوڵاتیان بکەن.

 

مونتەداکە باسی لە دەستگیرکردنى ئەندامەکانى حزبوڵا کردووە لەسەرەتاى ئەم مانگەدا و هۆشدارى داوە لە ئەگرى زیادبوونى توندوتیژییەکان بەشێوەیەکى فراوان لە داهاتوودا.

 

راپۆرتەکە رادەستکردنەوەى ئەندامەکانى حزبوڵاى بە بەڕێوەبەرایەتى ئاسایشى حەشد بە چارەسەرێکى مامناوەند ناوبردوە و لەگەڵیشیدا هۆشداریدراوە لە زیادبون تارمایى ئەو گروپە چەکدارانە دژ حکومەت و بەکارهێنانى هێز لە کاتى جێبەجێکردنى یاسا بەسەریاندا.

 

راپۆرتەکە رووداوى تیرۆکردنى هیشام هاشمى توێژەرى ئەمنى و سیاسى بە دەستپێکى هەڕەشەکان و ئاڵنگارییەکى روونى بەرامبەر کازمى ناوبردووە.

7603 جار خوێندراوەتەوە