ئەنجومەنی
وەزیرانی هەرێم کۆبوەوە و گفتوگۆی لەسەر چەند تەوەر و بابەتێک کرد.
بەپێی
ڕاگەیەندراوی حکومەتی هەرێم لە کۆبونەوەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران قۆناخی دووەمی سیستەمی بایۆمێتری
پەسەندکرد بە ئاراستەی بەرجەستەکردنی حکومەتی ئەلیکترۆنی بە سوودوەرگرتن لە
تەکنەلۆژیای زانیاریی لە بەڕێوەبردنی دامەزراوەکانی حکومەت و فراوانکردنی
پڕۆگرامەکە تا بوارەکانی دیکەش بگرێتەوە و ببێتە یارمەتیدەرێکی سەرەکی بۆ
جێبەجێکردنی کردارەکی چاکسازی و بە ئەلیکترۆنیکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و
هێنانەکایەی شێوازێکی نوێی چالاک بۆ حکومەت و حوکمڕانی درووست.
هەروەها
دواتر وەزیری کشتوکاڵ چەند بابەتێکی تایبەت بە کەرتی کشتوکاڵ خستەڕوو لەوانە ڕێکخستنەوەی گرێبەستە
کشتوکاڵییەکان و ڕێگە گرتن لە تەرخانکردن
وبەکارهێنانی زەوی کشتوکاڵی بۆ مەبەستی ناکشتوکاڵی و پلانی وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ
پەرەپێدانی نەمامگەکانی سەر بە وەزارەت، دواتر ئەنجومەنی وەزیران ڕاسپاردەکانی وەزارەتی
کشتوکاڵی پەسەندکرد.
لە تەوەرێکی
دیکەشدا ، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەکانی (کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی
وگەشتوگوزار، داد) ی ڕاسپارد بۆ پەلەکردن لە ڕاییکردنی قەرەبووی ئەو جووتیارانەی
کە خاوەنی گرێبەستی کشتوکاڵین و مافی یاسایی قەرەبووکردنەوەیان لە لایەن وەزارەتی
کشتوکاڵەوە پشتڕاستکراوەتەوە لە بەر ڕۆشنایی یاسا کارپێکراوەکان.
974 جار خوێندراوەتەوە