ناسح مەلا حەسەن پاش (20) ساڵ خزمەتکردن لە فەرمانگەکانى حکومەتدا، ئەمڕۆ لە
کۆتا ئەرکیدا وەک قائیمقامى قەزاى دەربەندیخان، کۆتایى بە خزمەتکردنى کاگێڕى هات و
داواکارى گشتى قەزاکەش ستایشى رۆڵ و خزمەتەکانى بەبێ جیاوازى بۆ خەڵکى قەزاکە
دەکات.
ناسح مەلا حەسەن قائیمقامى قەزاى دەربەندیخان لە لێدوانێکدا بۆ دیجیتاڵ
میدیاى (KNN) وتى: "پاش (20) ساڵ خزمەت
لەفەرمانگەکانی عێراق و هەرێمدا، ئەمڕۆ کۆتا ڕۆژى کارکردنم بووە و تەمەنى خزمەت کردنم
کۆتایى پێهاتوە".
ناسح مەلا حەسەن لەبەروارى (10/5/2015)ـەوە وەک قائیمقامى قەزاى دەربەندیخان
دەستەبکاربوە، ئاماژە بەوەش دەکات، لە دەستبەکاربونیەوە وەک قائیمقام، قەیران بە قەیران
روبەڕویان بوەتەوە، بەڵام توانیویانە بەردەوامبن لە خزمەت کردن و لە ماوەى
کارکردنیدا چەندین پڕۆژە جێبەجێ کراوە، لەوانەش: پڕۆژەی بەنداوی دێوانە، پرۆژەی نۆژەنکردنەوەی
بەنداوی دەربەندیخان دوای بومە لەرزەکە، پرۆژەی قیرتاوکردنی شەقامی سەرەکی ناوشارى
دەبەندیخان، نۆژەنکردنەوەی ڕێگای دەربەندیخان – وارماوا، رێگای دووسایدی دەربەندیخان
- کەلار (دەستی پێکردەوە).
ناسح مەلا حەسەن ئەوەش دەخاتەڕوو، کە ئەوەی لە توانایدابوە کردویەتى بۆ
خزمەتکردنى قەزاکە و دەڵێت: "دەرونم ئاسودەیە لە بەردەم خوا و میلەتەکەم و
بزوتنەوەی گۆڕاندا کەمنی راسپارد بۆ ئەوئەرکە، بەڵام زۆرجار گرفت و ئاستەنگ و بەربەستەکان
لەسەرو و توانا و دەسەڵاتی منەوە بوە".
هاوکات سوپاسى هەموو بەڕێوەبەری فەرمانگەکان و هێزە ئەمنیەکان و فەرمانبەر و
کارمەندەکانیان و لیژنەکانی قائیمقامیەت دەکات، کە سەرجەمیان بەگیانێکی هەستکردن بە
بەرپرسیارێتیەوە کارەکانی خۆیان ئەنجامداوە.
1416 جار خوێندراوەتەوە