ڕۆژی پرۆژەی كاری بچوك و مامناوەند لە قەیرانی كۆرۆنادا

KNN : Kurdish News Network
08:57 - 27/06/2020
جیهان
+
-

دامەزراندنی پرۆژەی كاری بچوك و مام ناوەند بە هەوڵێكی گرنگ دادەنرێت بۆ زیادبونی هەلی كار و بەرزكردنەوە ئاستی ئابوری وڵات و داهاتی تاكەكانی، بەهۆی گرنگی ئەو بوارەشەوە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ساڵانە یادی ڕۆژی پرۆژەی كاری بچوك و مامناوەند دەكاتەوە.

 

نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 2017 دا بڕیاریدا، 27 حوزەیران هەموو ساڵێك وەك ڕۆژی پرۆژەی كاری بچوك و مامناوەند دیاری بكات، ئەوە بۆ سێهەم ساڵە یادی ڕۆژەكە دەكرێتەوە، ناونیشانەكەش تایبەت كراوە بەم دۆخەی ئێستا جیهان و بریتییە لە "پاڵپشتی كۆمپانیا و دامەزراوە بچوكەكان لە قەیرانی كۆرۆنادا".

 

ڕێكخراوەكە باسی لەوە كردووە، داخستنی زۆرینەی شوێنە گشتی و دامەزاروە ئابورییەكان بۆ دانانی سنورێك بۆ بڵاوبونەوەی كۆرۆنا، زۆرترین زیانی لە پرۆژە بچوكەكان داوە بەتایبەت ئەوانەی لەلایەن كچان و كوڕانی گەنجەوە بەڕێوە دەبرێن، بۆیە لەئێستادا ئەوانە پێویستییەكان بە پاڵپشتی هەیە تاوەكو ڕێگا چارەسەرێك بدۆزرێتەوە بۆ دووبارە دەستكردنەوە بە كارەكانیان.

 

كاری بچوك و مامناوەند بەو پرۆژانە دەوترێت كە ژمارەی فەرمانبەران و ئەو كەسانەی كاری تێدا دەكەن لە 250 كەس كەمترە و بە بڕبڕەی پشتی ئابوری دادەنرێت لە سەرجەم وڵاتانی جیهان بە گشتی و لە وڵاتە هەژار و دواكەوتووەكانیشدا ڕۆڵێكی سەرەكی هەیە بۆ گەشەی ئابوری ئەو وڵاتانە.

 

پێشتر ئامارەكانی ئەنجومەنی نێودەوڵەتی كاری بازرگانی بچوك ئاماژەی بەوە كردبوو، پرۆژە بچوك و مام ناوەندەكان %90ی سەرجەم پرۆژە و كۆمپانیاكانی جیهان پێكدەهێنن، هەروەها %60 بۆ %70ی فەرمانبەرانی كەرتی تایبەت لە جیهاندا لەو پرۆژانەدا كاردەكەن، ئەمە جگە لەوەی %50ی سەرجەمی بەرهەمە ناوخۆییەكان پێكدەهێنن.

 

ئەو پرۆژانە لەگەڵ دامەزراندنیاندا ڕوبەڕووی چەند كێشە و گرفتێك دەبنەوە، ئەوەش كاردەكاتەوە سەر داهاتەكانیان بە تایبەت ئەوانەی پەیوەندیان بە پێدانی قەرز و پاڵپشتی داراییەوە هەیە بۆ پرۆژەكان، بە یەكێك لە كۆسپەكانی بەردەم بەردەوامیدان بەو جۆرە كارە بچوك و مامناوەندانە دادەنرێت.

 

ئامارەكانی بانكی نێودەوڵەتی باس لەوە دەكەن، نزیكەی 200 بۆ 245 ملیۆن پرۆژەی كاری بچوك و مام ناوەند لە جیهاندا قەرزیان پێنادرێت یاخود پاڵپشتی دارایی ناكرێن، لەكاتێكدا پێویستی زۆریان بەو قەرزە هەیە، ئەمە جگە لەوەی %90 ئاستەنگ بۆ بەردەم كارەكانیان دروست دەكرێت.

 

هەرێمی كوردستانیش یەكێك لەو ناوچانەی گرنگی بە دامەزراندنی پرۆژەی كاری بچوك و مام ناوەند نادرێت، هەرچەندە چەند ساڵێك پێش ئێستا وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی پرۆژەی قەرزی بچوكی گەنجانی ڕاگەیاند، بەڵام وەك خۆی جێبەجێ نەكرا و دواتریش پرۆژەكە وەستێنرا، لەئێستاشدا هیچ یارمەتییەك پێشكەش بە پرۆژە بازرگانییە بچوك و مام ناوەندەكان ناكرێت، ئەوەش وایكردووە ڕێژەی بێكاری و هەژاری لە هەرێمی كوردستان لە بەرزبونەوەی بەردەوامدابێت.

1268 جار خوێندراوەتەوە