ئایا دەبێت لەكاتی وەرزشدا دەمامك ببەسترێت؟ تەندروستی جیهانی ڕوونكردنەوە دەدات

KNN : Kurdish News Network
09:51 - 24/06/2020
تەندروستی
+
-

لە بەشێكی وڵاتانی جیهان لەگەڵ بونی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ژیان بەرەو ئاسیبونەوە دەچێت و خەڵكی دەستیان بە چالاكییەكانی ڕۆژانەیان كردۆتەوە، بەڵام بەردەوام پرسیاریان لەبارەی ڕێكارەكانی خۆپارێزییەوە لا دروست دەبێت، یەكێك لەوانەش پەیوەندی بە بەستنی دەمامكەوە هەیە لەكاتی وەرزشكردندا.

 

 
نوسینگەی هەرێمی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕێی تویتێكەوە، ڕوونكردنەوەی لەوبارەیەوە داوە و باسی لەوە كردووە باشترە لەكاتی ئەنجامدانی ڕاهێنانە وەرزشییەكاندا دەمامك نەبەسترێت، چونكە توانای هەناسەدان كەمدەكاتەوە و وەرزشەوان زۆر ماندوو دەكات.

 

لە ڕوونكردنەوەكەدا هاتووە " ئارەقكردنەوەش دەبێتە هۆی تەڕبونی دەمامكەكە بە خێرایی، ئەوە هۆكارێكی دیكەیە بۆ قورسی هەناسەدان و گەشەی میكرۆبەكان لەسەری"، بە پێویستیشیان زانیوە لەكاتی وەرزشكردندا ڕێكارەكانی خۆپارێزی بگیرێتەبەر، بەتایبەت ئەوەی پەیوەندی بە دووری نێوان دووكەسەوە هەیە كە نابێت لە مەترێك كەمتربێت.

 

پێشتر نوسینگەی هەرێمی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی لەناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاماژەی بەوەش كردبوو، ئاساییە دەمامك بۆ ماوەیەك زۆر ببەسترێت بەپێی پێویست، ئەو كردارە نابێتە هۆی ژەهراویبوون كەمبونەوەی ڕێژەی ئۆكسجین و ژەهراویبوون بە دووەم ئۆكسیدی كاربۆن.

1881 جار خوێندراوەتەوە