جگە لە جۆرج فڵۆید کە هەفتەى رابردوو لەسەر دەستى پۆلیسى ئەمەریکا کوژرا، ئەمڕۆ
پۆلیسى ئەو وڵاتە کەسێکى دیکەى کوشت و خۆپیشاندانەکان زیاتر تاوى سەندووە.
خۆپیشاندانەکانى شارى مینیاپولیس و ویلایەتەکانى دیکەى ئەمەریکا دژى کوشتنى
جۆرج فڵۆیدى ڕەشپێست لەلایەن پۆلیسى ئەو وڵاتەوە تادێت پەرە دەسێنێت و ئەمڕۆ لە
کاتى بڵاوەپێکردنى خۆپیشاندەراندا پیاوێکى دیکەى بەرەگەز ئەفریقى بە گوللەى پۆلیس
کوژرا و بەوەش قەبارەى ناڕەزاییەکانى هاوڵاتیانى ئەمەریکا زیاتر جۆشى سەندووە و ملیۆنان
خەڵک رژاونەتە سەر شەقامەکان.
لاى خۆشیەوە پۆلیسى ویلایەتى کنتاکى رایگەیاند، پیاوانى ئەمنى شارەکە
رێنماییان پێدراوە تەقە لە خۆپیشاندەران نەکەن، وتیشى ئەو پۆلیسەى تەقەى کردووە و
ئەو هاوڵاتییەى کوشتووە توشى لێپرسینەوە و سزاى یاسایى دەبێت.
هەرچەندە نزیکەى (2) ملیۆن توشبووى کۆرۆنا و زیاتر لە (110) هەزار حاڵەتى
گیانلەدەستدان لە ئەمەریکا تۆمارکراوە، ماوەى زیاتر لە هەفتەیەکە خۆپیشاندان و ناڕەزایى
بەر فراوان لە شارەکانى ئەمریکا دژى کوشتنى جۆرج فڵۆیدى رەشپێست بەڕێوەدەچێت و
پۆلیسى ئەو وڵاتەش لە هەوڵى کۆتایى پێهێنانى خۆپیشاندانەکاندایە.
2659 جار خوێندراوەتەوە