روسیا تاقیکردنەوەى دەرمانێکى بۆ چارەسەرى کۆرۆنا راگەیاند

KNN : Kurdish News Network
08:55 - 01/06/2020
جیهان
+
-

بەرپرسانى روسیا رایانگەیاند، لە هەفتەى داهاتووەوە دەستدەکرێت بە بەکارهێنانى دەرمانى Avifavir بۆ چارەسەرکردنى توشبووانى کۆرۆنا و چاوەڕواندەکرێت ئەنجامى ئەرێنى هەبێت.

 

 ماڵپەڕى هەواڵى سکاى نیوز بڵاویکردەوە، بە پێى لێدوانى بەرپرسانى تەندروستى روسیا، لە (11) ى ئەم مانگەوە لە نەخۆشخانەکانى ئەو وڵاتەدا دەرمانێکى دژە ڤایرۆسى کۆرۆنا بەناوى Avifavir بۆ چارەسەرى توشبووان بەکاردەهێنرێت.

لەبارەى کاریگەرى ئەو دەرمانەوە ئاماژە بەوەکراوە، ئەو جۆرە چارەسەرە یەکەم جارە بۆ توشبووانى کۆرۆنا بەکار دەهێنرێت و چاوەڕوانیش دەکرێت ئەنجامێکى باشى هەبێت و لەلایەن کۆمپانیایەکى ژاپۆنییەوە لە کۆتایى نەوەتەکانى سەدەى رابردودا دروستکراوە.

لاى خۆشیەوە کیریل دیمتریڤ سەرۆکى سندوقى سامانە نیشتمانییەکانى روسیا رایگەیاندووە، زانا روسییەکان بەمەبەستى زیادکردنى کاریگەرى دەرمانەکە چەند مادەیەکى پزیشکى دیکەیان بۆ دەرمانى  Avifavir زیاد کردووە و بە نیازن بەمەبەستى چارەسەرکردنى توشبووانى کۆرۆنا بەکاریبهێنن.

 

ئەوەش لەکاتێکدایە، بە پێى ئامارە فەرمییەکان ژمارەى توشبووان بە کۆرۆنا لە جیهاندا (6) ملیۆن کەسى تێپەڕاندووە و زیاتر لە (300) هەزارى دیکەش بەهۆى ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.

1705 جار خوێندراوەتەوە