رۆژی جیهانیی پارێزەرانی ئاشتی

KNN : Kurdish News Network
10:33 - 29/05/2020
جیهان
+
-

ئاشتی بەو دۆخە ئارام و هێمنە دەوترێت كە دوورە لە (جەنگ، دڵەڕاوكێ و توندوتیژی) و لە سایەیدا هاوڵاتیان و دانیشتوانی ناوچەیەك یاخود قەوارەیەكی سیاسی ژیانێكی ئاسایی و دوور لە ململانێی چەكداری دەگوزەرێنن.

بێگومان چەندین كەس هەن لەسەر ئاستی جیهان كار بۆ بڵاوكردنەوەی ئاشتی و ڕێگری لە جەنگ دەكەن، ئەو كەسانەش بە پارێزەرانی ئاشتی ناسراون و كارەكانیان لەچوارچێوەی تاكە كەسی یاخود گروپ ‌و ڕێكخراوە جیهانییەكاندایە، وەك ڕێزلێنانێكیش بۆ ئەو كەسانە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ڕۆژێكی بۆ پارێزەرانی ئاشتی دیاریكردوە و ساڵانە لە (29)ى ئایاردا یادی دەكاتەوە.

ڕۆژەكە هەر ساڵەی لەژێر ناونیشانێكدا یاد دەكرێتەوە، ناونیشانی ئەمساڵیش بریتییە لە (ژنان لە پاراستنی ئاشتیدا كلیلی ئاشتییە)، ئەوەش بەبۆنەی تێپەڕینی (20) ساڵ بەسەر بڕیاری (1325) نەتەوە یەكگرتووەكان لەبارەی ژن و ئاشتی و ئاسایشەوە، كە تایبەت بووە بە زیادكردن و فراوانكردنی ڕۆڵی ژنان و كاركردنیان لە بوارە جیاوازەكاندا بەتایبەت هێزەكانی تایبەت بە پاراستنی ئاشتی.

بەپێی ئاماری نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی (1948)ـەوە كە خزمەتگوزاریی نەتەوە یەكگرتووەكان دەستیپێكردوە، سێ هەزار و (800) كەس لە پارێزەرانی ئاشتی لەكاتی ئەنجامدانی كارەكەیاندا گیانیان لەدەستداوە، لەو ژمارەیەش (98)یان لە ساڵی رابردودا بونەتە قوربانی.

لەئێستادا نەتەوە یەكگرتووەكان هێزی پاراستنی ئاشتی هەیە، كە ژمارەیان (88) هەزار سەرباز و پۆلیسە و لە (124) وڵاتی ئەندامەوە پێكهێنراون، لەگەڵ (13) هەزار كارمەندی مەدەنی و (1300) كەسی خۆبەخش، ئەو كەسانەش لە چوار كیشوەری جیهان ئەركیان پاراستن و بڵاوكردنەوەی ئاشتییە.

رێكخراوەكە باسی لەوە كردووە لەماوەی كاركردنیاندا گیانی ملیۆنان كەسیان لە كاتی جەنگ و ململانێكاندا پاراستووە، هەروەها هەوڵیانداوە ئەو وڵاتانەی گیرۆدەی جەنگ و ململانێ بوون، بگۆڕن بۆ ناوچەیەكی ئاشتی و خۆشگوزەرانی و پێكەوە ژیان، بە تایبەت لە وڵاتانی كەمبۆدیا و سیلڤادۆر، هەروەها لیبریا و سیرالیۆن و تەیموری ڕۆژهەڵات.

نەتەوە یەكگرتووەكان ئاماژە بەوە دەكات، ئاشتی تەنها بۆ ئەو وڵاتانە گرنگ نییە كە بەدەست جەنگ و كێشە و ململانێ سیاسی و سەربازییەكانەوە دەناڵێنن، بەڵكو زۆر گرنگە بۆ ئەو وڵاتانەش كە دۆخیان جێگیرە، بۆ ئەوەی ژیانی تاكەكانیان خۆشتربێت و روبەڕووی هیچ كێشە و گرفتێك نەبنەوە.

1037 جار خوێندراوەتەوە