قوباد تاڵەبانی: ئێستا لێکتێگەیشتن لە هەموو كات زیاترە لەگەڵ بەغدا

06:26 - 23/05/2020
کوردستان

جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند لە ئێستادا لێکتێگەیشتن لەهەمووکات زیاترە لەگەڵ کابینەکەی مستەفا کازمی و گەشبینن بە گەیشتن بە رێکەوتن.

 

 

 قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت لە پەیامێکدا کە بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕەمەزانەوە بڵاویکردۆتەوە، ڕایگەیاندوە، حكومەتی هەرێم،بە هەموو توانایەوە، لە هەوڵدا دەبێت بۆ دابینکردنی مووچە و چارەسەركردنی ڕیشەیی ئەم كێشەیە.
دەشڵێت" لەم پێناوەشدا كاری پێویستمان كردوە بۆ رێككەوتنی گشتگیر و دادپەروەرانە لەگەڵ حکومەتی ناوەند".

 

 

جێگری سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بەوەشکردوە، دانوستانەكانمان لەگەڵ بەغدا چڕتر کردۆتەوە بۆ چارەسەرکردنی بەشی زۆری کێشە هەڵپەسێردراوەکان.

 

 

قوباد تاڵەبانی باسی ئەوەشیکردوە، لەدوای 2014 وە گیرۆدەی جۆرەها قەیران بووین، بەڵام هیچ كات بێخەم نەبووین و هەموو دەرفەتەكانمان قۆستۆتەوە بۆ چاكسازی و خاوكردنەوەی گرژییە سیاسییەكان و لەڕێی یەکگرتوویی کابینەی پێشووی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانیمان قەوارەی هەرێمەکەمان بپارێزین و لەکێشەی ناوخۆیی بەدووری خەین.

 

 

جێگری سەرۆکی حکومەت ڕاشیگەیاندوە لەئێستاشدا وێڕای خەمی دابینكردنی مووچە، ئەرك و خەمی حكومەت بونیادنانی ژێرخانی ئابوری و دابینکردنی خزمەتگوزاری شایستە و چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵییە، ئەم هەنگاوانەش بەبێ دروستکردنی متمانە سەرناگرێت، نابێت دەرفەتەکان بە هۆی ململانێی ناتەندروست و بارگرژی سیاسییەوە لەكیس بدەین، پێویستمان بە دروستکردنەوەی تەباییە لەنێوان لایەنەکانی پێکهێنەری حکومەت، لەنێوان حکومەت و هاوڵاتیان، لەنێوان حکومەت و کەرتی تایبەت و دواجاریش لەنێوان هەرێم و بەغدا.

458 جار خوێندراوەتەوە