وەک دەوترێت قژ تاجى جوانى ژنانە، بەڵام کەمیش نین ئەو پیاوانەى
گرنگییەکى زۆر بە جوانى و بەهێزى قژیان دەدەن، بەم چەند هەنگاوە سادە و ئاسانانە
گەشەى قژت زیاد بکە و پارێزگارى لە جوانییەکەى بکە.
یەکەم-مەساجکردنى ڕۆژانە بۆ پێستى سەر یارمەتیدەرێکى باشە بۆ
حەسانەوەى تاڵى قژەکان و دووبارە بەهێزبوونى سەلکى مووەکان، بەجۆرێک ڕۆژانە بۆ
ماوەى چەند خولەکێک بەسەرى پەنجەکان پێستى سەر مەساجبکرێت.
دووەم- بۆ ئەوەى پێستى سەر لە وشکبوونەوە بپارێزرێت و لەکاتى
مەساجکردنیدا ئەزییەت بە بنى مووەکان نەگات، بەکارهێنانى زەیتى گوێزى هند دەبێتە
یارمەتیدەر بۆ سودگەیاندنى مەساجەکە بە پێستى سەر، ئەگەر قژت لەو جۆرانەیە کە
هەمیشە چەورە ئەوا چەند خولەکێک پێش حەمامکردن زەیتى گوێزى هندی بەکاربهێنە و دواتر
بیشۆ، ئەو جۆرە زەیتە پاریزگارى لە مانەوەى پرۆتینى پێستى سەر دەکات.
سێهەم- بەکارهێنانى ڕۆنى سەبار، لە کۆنەوە ئەم ڕۆن بۆ ڕێگرى لە
هەڵوەرینى قژ بەکارهاتووە و خاوبوونەوە و پشو بە فەروەى سەر دەدات.
چوارەم- ئاوى پیاز پێکهاتەیەکى باشە بۆ بریقە و ئەستوربوونى تاڵى
قژەکان، دەکرێت ئاوى پیاز بۆ ماوەى (15) خولەک بدرێت لە قژەکە و دواتر بشۆرێت،
ئاوى پیاز سوڕى خوێن چالاکدەکات و کیراتینى قژ زیاد دەکات.
پێنجەم- جگە لەو پێکهاتەنەى باسکران، ئاوى لیمۆش فەروەى سەر
توندتەکاتەوە و ئەوەش وادەکات قژ پڕتر و بەرەنگتر دەربکەوێت، جگە لەوەش ئاوى لیمۆ
ئەگەر بدرێت لە سەر کڕێش ناهێڵێت.
8380 جار خوێندراوەتەوە