کارمەندانی تەندروستی لە سلێمانی، هەڵەبجە، گەرمیان و راپەڕین بایکۆتی دەوامیان راگەیاند

KNN : Kurdish News Network
10:51 - 27/04/2020
کوردستان
+
-

بەشێک لە پزیشک و کارمەندانی تەندروستی نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن رایدەگەیەنن، ماوەی زیاتر لە 50 رۆژە موچەیان وەرنەگرتوە و لە دۆخێکی ناهەمواردا دەژین، بۆیە بڕیاریانداوە بایکۆتی دەوام لە نەخۆشخانەکانی فریاکەوتن بکەن.

 

لە ڕاگەیەنراوێکدا بەشێک لە کارمەندانی تەندروستی، رایانگەیاندووە،بەهۆی دواکەوتنی موچە و نەدانی مافەکانیان، سەرجەم کارمەندانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنەکانی ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و هەڵەبجە و کۆیە و پێنجوێن و دوکان و چەمچەماڵ و سەیدسادق و هەڵەبجەی تازە و دەربەندیخان و سەرجەم شوێنە ساردەکان و قاوشەکانی نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی، بڕیاریاندا بایکۆتی دەوام بکەن و لە ئێستادا هیچ نەخۆشێک نابینن.

 

 

ئاماژەیان بەوەشکردووە،لە پاش ئاگادارکردنەوەی تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە دۆخی نالەباری پزیشکان سەرەڕای زیادبوونی ئەرک و ماندوبوونمان لە روبەڕوبوونەویە ڤایرۆسی کۆرۆنادا، بۆ ماوەی نزیکەی ٥٠ رۆژە موچەمان وەرنەگرتووە".

 

 

دەشڵێن، "لە بارودۆخێکی ئابووری ناهەمواردا دەژین و بەداخەوە حکومەت تا ئێستا بێ باکە لە داواکارییەکانمان کە بریتییە لە پێدانی موچە هەموو ٣٠ رۆژ جارێک".

 

 

باسیان لەوەشکردووە، "لە سەرجەم شوێنە ساردەکان و قاوشەکانی نەخۆشخانەکانی شاری سلێمانی لە کاتژمێر ٨ی بەیانی ئەمڕۆوە،بایکۆتی دەوام دەکەن، هەروەها لە ئەگەری پشتگوێخستنی داواکارییەکانیان بڕیاری ڕاگرتنی دەوام لە سەرانسەری نەخۆشخانە فریاکەوتنەکانی ناو شاری سلێمانی لە رۆژانی داهاتوودەدەدەن".

 

 

جەختیشدەکەنەوە "لە ئەگەری هەر رووداوێکی نەخوازراودا، بەرپرسیارێتیەکەی لە ئەستۆی حکومەتی هەرێمدایە.

1855 جار خوێندراوەتەوە