پارێزگاری دهۆک داوای لێبوردن دەکات

KNN : Kurdish News Network
09:52 - 24/04/2020
کوردستان
+
-

پارێزگاری دهۆک بەهۆی ڕودانی تەقەی خۆشی و برینداربوونی ١٣ کەس ڕایگەیاند داوای لێبوردن دەکەین و ئەو هەڵەیەک بوو ڕویدا.

 

 

 فەرهاد ئەتروشی پارێزگاری دهۆک لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسیدا ڕایگەیاند، ئێمە بەرپرسیاریەتی ئەو ڕوداوە هەڵدەگرین و حکومەت هەر بڕیارێک بدات ئامادەین،بەڵام لە دهۆک کاری گەورە کراوە  ونابێت ئەو هەڵەیەی چەند کەسێک کردویانە لەسەر هەموو خەڵکی دهۆک حساب بکرێت.

 

فەرهاد ئەتروشی وتیشی ئەو کەسانەی بەهۆی تەقەکانەوە برینداربوون سەرجەمیان برینەکەیان سوک بوو و کەسیان لەنەخۆشخانە نەماون.

 

وتیشی ئێمە وەک ئیدارە لەگەڵ ئەو کارە نەبووین،بەڵام شتێک بوو ڕویدا.

 

ئەوە لەکاتێکدایە شەوی چوارشەممە ڕێوڕەسمێک بۆ سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنا و ڕێزگرتن لە کارمەندانی تەندروستی هێزە ئەمنیەکان لەپارێزگای دهۆک ئەنجامدرا،بەڵام هەندێک کەس تەقەی خۆشیان کرد و لە ئەنجامدا ١٣ کەس برینداربوون.

 

هاوکات دوێنی توشبوویەکی دیکە لە پارێزگای دهۆک تۆمارکرا کە پزیشکێکی تەمەن ٤٦ ساڵە.

2069 جار خوێندراوەتەوە